تارا حسێن – کەسایەتی سیاسی
ژن لە سیاسەتدا ئەركەكەی سەد هێندە قورستترە وەك لە پیاوان، ئەگەر ببیت بە گوێ لە مستێكی دەسەڵات دەبیت بە بوكەڵەیەكی جوانی تێركەری ئارەزووەكانی پیاو، یان كاڵایەكی بێ نرخی بەكارهێنراو، یان بوونت هەیە و توانات هەیە، بەڵام خاوەن ئیرادەی بەرز و كەسایەتی بە شكۆی خۆتی، ناهێڵن پێشكەویت و لە سوچی ئۆرگانێكی حیزبیدا فڕێت دەدەن.
لێ ئەگەر ژن بیت و سیاسی بیت و خاوەن ئیرادە و كەسایەتی خۆت بیت و دژی هەموو ئەو بۆگەنیانە خەبات بكەیت كە دەسەڵات بۆ ناشیرین كردنی ژن و لاواز نیشاندانی ژن بەكاریدەهێنێت، دەبێ باجەكەی چی بێت؟؟
بۆ ژنێك كە هاوژینە، دایكە ، سیاسیە و ئەركیشی هەیە لە سیاسەتدا بە واتای بەرپرسیارێتی، ماڵی هەبێ و میواندار بێ و بەشداری ڕاگەیاندنەكان بێت و بە ناوی حەرەكەتێكی گەورەوە سەدان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانی و بەرنامەی تیڤی هەبێت و زۆر شتی تر كە لێرە ورد ناكرێتەوە، بتوانێت هاوسەنگی لە نێوان پرسە كۆمەڵایەتییەكان و پرسە سیاسیەكان بكات كەواتە كەسێكی سەركەوتووە، كەسێكە كە تەسلیم بوون ناناسێت.
لێرەوە سەرەتا هەوڵی كڕینت دەدەن ژیانێكی وەك بەهەشت و پارالێڵ ژیانێكی دۆزەخیت نیشان دەدەن، ئەگەر تەسلیم نەبویت پارەیەكی خەیاڵی و پۆستێكی باڵات پێشكەش دەكەن، هەر بەردەوام بوویت خۆت یان هاوسەرت ئەگەر مووچەخۆر بیت نان بڕاو دەكرێیت، تەهدید دەكرێیت و شار بەدەر دەكرێیت!
دیسان تۆ هەر لەسەر مەبادیئی خۆت سوورتری و ئاوڕ بۆ دواوە نادەیتەوە، ئینجا هەوڵی تیرۆرت دەدەن بە سوتفە دەرباز دەبیت بەڵام تەنانەت شەرم دەكەیت بیكەیتە ڕۆژەڤ بە حوكمی ئەوەی یەكەم لەپێناو بیرو باوەڕی خۆتە، دووەم ڕۆژانە هاوبیرەكانت شەهید دەبن و هەرگیز خۆیان نەكرد بە پاڵەوان و سەدان ڕۆژی سەختیان بەڕێكرد، لەلایەكی تر لێكۆڵینەوە لە هەموو قسەكانت دەكەن، بەڵكو هەڵەیەك هەبێت بەكاری بهێنن دژت، ئەویشیان دەستناكەوێت، ئینجا پیاوانێكی مەرام گڵاو دەخەنە سەر خەت بۆ بەلاڕێدا بردنت، تۆش وانەیەكی وایان پێدەدەییت ببنە پەند بۆ ژنانی دیكەش.
پاشان دێن و شەڕی تایبەت بڵاودەكەنەوە كە تۆ هەدەفی و ئەرز و ئاسمان بۆت خەتەرە و هەر ساتێك لە شەهید بوون نزیكی و نزیك بوونەوە لێت مەترسیدارە، ئەمەش دەبێتە هۆكارێك پەراوێزی كۆمەڵایەتی و تەنانەت سیاسیش بخرێیت، بەڵام دیسان بێ ئاوڕدانەوە لە هەموو ئەو هەوڵە نەزۆكانەی دەزگاكانی شەڕی تایبەت، دەڵێیت: كێ شانازی شەهید بوونی بەردەكەوێت؟ هەر كات دێت بەخێربێت .
ئێمە خوێندكاری سارا و بێریتانین، تەسلیم بوون ناناسین.
ئینجا بەناو ڕۆژنامەوان و بەناو سەربەخۆ و ڕەخنەگران بەردەدەنە گیانت، كە زەمینەی ڕەش كردنت لە ناو كۆمەڵگە بسازێنن، لە بەرامبەر بەوانەش دەڵێیت دیسان هەوڵێكی نەزۆك!
كورد دەڵێت گوێی مەدەرێ ئەو هەموو كەمین و تەڵەیەی دەسەڵات و دوژمنانت تێپەڕاند وردە پیاوەكانی بەردەرگای دەسەڵات هەر هیچ نین.
لە كۆتایی دەڵێیت سەربەرز و سەربڵندم بەرامبەر بە خوا و گەل و مێژوو و شەهیدانم، كە بە پاكی هاتووم و بە پاكیش لەو دونیایە دەردەچم و مێژووی خۆم و مناڵ و كەسوكاری باجدەرم ناشیرین ناكەم.
هەرچی شەری تایبەتە با بمێننەوە بۆ داهاتوو، ژنان و میللەتەكم سودی لێ ببینن، چۆن من سود لە بەرهەڵستی و ئاستەنگی و تۆمەتەكانی بەردەم ساكینە چانسز دەبینم و لێیەوەفێر دەبم چۆن بەردەوام بم، ئاواش ژنانی وڵاتەكەم سود لە ئەزموونی ئێمە وەردەگرن.