پەروەردە كاتی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریكرد



بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەولێر ئاشكرای دەكات، “ڕۆژی 15ـی ئەیلوولی 2024، ساڵی نوێی خوێندن دەستپێدەكات” ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی ساڵنامەی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە، لە 1ی ئەیلوولەوە كاتی دەستبەكاربوونەوەی مامۆستایانە.

بەپێی ساڵنامەی خوێندن، كە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم دەریكردووە، لە 1ی ئەیلوول دەستپێكی دەوامی مامۆستایان دەبێت بۆ پەیوەندی كردنەوە بە خوێندنگەكانیان و لە 15ی ئەیلوول دەوامی خوێندن دەستپێدەكات، بەڵام مامۆستایانی وانەبێژ لە ئێستادا هەڕەشەی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن بەهۆی ئەوەی تاوەكو ئێستا بڕیاری دامەزراندنیان نەدراوە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی پەروەردە لیستی ناوەكانیانی ڕەوانەی بەغدا كردووە بۆ دامەزراندنیان بە هەمیشەیی.

عەبدولڕەزاق تەڵعەت، بەڕێوەبەری ئەزموونەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاندووە، “بەگوێرەی یەكێك لە نووسراوەكانی وەزارەتی پەروەردە، دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025، لە ڕۆژی 15ـی 9ـی 2024 دەبێت”.

ڕاشیگەیاندووە، تاوەكو ئێستا وەزارەتی پەروەردە هیچ ڕاگەیەنراویكی بڵاونەكردۆتەوە بۆئەوەی مێژووی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن بگۆڕێت. هاوكات هیچ كۆبوونەوەیەكیش نەكراوە بۆ ئەم مەبەستە، ڕەنگە لە داهاتوودا بەهۆی دۆخی پەروەردەوە كۆبوونەوە بكرێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، “بەهۆی ئەوەی دۆخی پەروەردە لە هەرێمی كوردستان جێگیر نییە، دەكرێ ئەو ڕۆژە بگۆڕێت؛ بەڵام هیچ نووسراوێكمان لە وەزارەتەوە پێنەگەیشتووە، بۆیە تاوەكو ئێستا 15ـی ئەیلوول بەجێگیری ماوەتەوە”.

ساڵی ڕابردوو لە 13ـی ئەیلوولەوە ساڵی نوێی خوێندن دەستی پێكرد، بەڵام لە سنووری پارێزگاكانی (سلێمانی، هەڵەبجە) و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی (گەرمیان و ڕاپەڕین) و كۆیە بەهۆی دواكەوتن و پێنەدانی مووچەكانیان، مامۆستایان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندنیان كرد تاوەكو لە 17ی 1ی 2024 دەوام بە فەرمی لەو سنوورانە دەستی پێكردەوە و بایكۆت شكێنرا.

ژمارەی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێم زیاتر لە 30 هەزار كەسە و بەپێی بەیاننامەیەك، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێك لە مامۆستایانی وانەبێژ بڵاویانكردەوە، هۆشداری ئەوەیان داوە، كە ئەگەر تاوەكو دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن نەكرێن بە هەمیشەیی، ئەوا بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن دەكەن و لە ماوەی ڕابردووشدا ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی لیستی ناوی وانەبێژان دراوە بە بەغدا بۆ ئەوەی بە هەمیشەیی یان گرێبەست دایان بمەزرێنێت، چونكە ئێستا پارەی مووچە لەلایەن عێراقەوە ڕەوانەی هەرێم دەكرێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەفتەی ڕابردوو کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ڕایگەیاند، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق پرسیاریان لە تەیف سامی، وەزیری دارایی کردووە، کە وەڵامی ئەوان بۆ نووسراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ چییە؟

ئاماژەی بەوەشكرد، تەیف سامی پێی وتوون: ئەو نووسراوە پەسەند نەکراوە، چونکە هیچ دەقێکی یاسایی نییە بۆ ئەوەی پارە بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەرێمی کوردستان تەرخان بکەین.

 

ھێڵی ئاسمانی ئەمریکا سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل ھەڵپەسارد
پێشت ھێڵی ئاسمانی ئەمریکا سەرجەم گەشتەکانی بۆ ئیسرائیل ھەڵپەسارد
فەرمانبەرانی کوردستان قوربانی یەکەمن.. عێراق شەڕی “مووچە” دەکات
دواتر فەرمانبەرانی کوردستان قوربانی یەکەمن.. عێراق شەڕی “مووچە” دەکات
پەیوەندیدار