وتەبیژی بارەگای بارزانی پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:”سازش لە کوردستانیبونی کەرکووک ناکەین، كەرکوک دڵی کوردستانە،هەروەك سازش لەسەر کوردستانیبونی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ناکەین”
خالیدە خەلیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی: ناڕەزایەتیی ئێمە لە پێشێلکردنی رێککەوتنی نیشتمانی و جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی سەیرو نامۆیە, کە ئامانجی هێنانە کایەی کێشە و ناهاوسەنگییە.
دەشڵێت:”پارێزگاری کەرکوک دەبێت کوردێکی میانڕەو بێت و دەبێت لایەنە کوردییەکانی دیکەش لەسەری رازی بن”.
راشیگەیاندووە، پێویستە رێککەوتن لەسەر سەرۆکی ئەنجوومەن و جێگرەکەی بکرێت, جگە لە رازیکردنی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی ئەو پارێزگایەدا (بەپێی رێژە و پێگەیان) پێکەوە دەژین.
وتەبێژی بارەگای بارزانی دەشڵێت:”ناکرێت پێگەو پۆستەکانی کورد بفرۆشرێن, بۆ ئەوەی پارێزگاکە بخرێتە نێو ئەجێندای نامۆ, کە هەندێ لایەن کاری بۆ دەکەن”.
” ئەو رێککەوتنانەی بەشێوەی چەواشەکاری ئەنجام دەدرێن، درەنگ بێ یان زوو، چارەنووسیان تەنیا شکستە” خالیدە خەلیل وا دەڵێت.