باران و هەورەبروسكە ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە



بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلی گەرمای بەتین ناوچەكانی هەرێم ناگرێتەوە و كەشێكی هاوینەی ئاسایی دەبێت تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: باران و هەورەبروسكە لە كۆتاییەكانی ئەم مانگەدا هەرێم دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بۆ ڕۆژانی داھاتوو تاوەكو کۆتایی مانگ بەگشتی گۆڕانکاریەکی ئەوتۆ لە پلەكانی گەرمادا لە ئارادا نیە و پێشبینی ناکرێت شەپۆلی بەتینی گەرما یان نزمبوونەوەیەکی بەرچاو و ھەستپێکراو بەسەر پلەی گەرمیدا بێت.

ڕوونیشی كردەوە، گەرمای ھاوینە لەناوچەکانمان بەشێوەیەکی ئاسایی بۆ کەمێک سەروو ئاسایی بەدرێژایی ئەم مانگە بەردەوامی ئەبێت و ھەندێک ڕۆژیش کەمێک نزمدەبێتەوە، بەڵام بەجۆرێک نابێت ھەست بە فێنکی یان گۆڕانکاری بکرێت .

وتیشی، “بەھۆی زیاتر چالاکبوونی بارانی وەرزی بۆ سەر ناوچەکانی باشووری نیمچە دوورگەی عەرەبی و باشووری ئێران و ھاتنی شێیەکی زۆر لەو ماوەیەدا ئەگەر ھەیە لە ڕۆژەکانی کۆتایی ئەم مانگەدا ھەورەبروسکە و بارانی بەخوڕ زیاتر بەرەو سەرەوە جووڵە بکات و ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سعودیەش بگرێتەوە و بە کاریگەرییەکی لاوازیش ھەر لەھەمان ماوەدا پێشبینی دەکرێت ئەو حاڵەتە بەلاوازی بگاتە ناوچەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا ئاسمان بەزۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ بارینی بارانێکی کەم لەھەندێ شوێندا و چالاکبوونی ھەورەبروسکە بەگشتی، بەڵام ئەو بارانە کاریگەری نابێت بۆ نزمبوونەوەی پلەی گەرمی.

 

ڕاوێژكارێكی سودانی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هاتەدەنگ
پێشت ڕاوێژكارێكی سودانی لەسەر مووچەی فەرمانبەران هاتەدەنگ
ڤاکسینی ئاوڵەی مەیمون بەجیهان بڵاودەکرێتەوە
دواتر ڤاکسینی ئاوڵەی مەیمون بەجیهان بڵاودەکرێتەوە
پەیوەندیدار