بەهۆی گۆڕانكاری لە ئابووری جیهانی و هەردوو شەڕی ئۆكراینا و غەززە و هاتنەوە ناوەوەی چین بۆ بازاڕی زێڕ، نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی جیهان و هەرێم گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی و یەك مسقاڵ نرخەكەی گەیشتە سەرووی 600 هەزار دینار.
دانا وەرتی، خاوەنی زێڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، نرخی زێڕ ڕۆژ بەڕۆژ بەرزتر دەبێتەوە و داهاتوو بۆ نرخی زێڕە، چونكە هەرچەندە لە مانگی 7دا چین كڕینی زێڕی ڕاگرت، بەڵام لەم مانگەدا دەستی كردۆتەوە بە كڕینی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ نرخی یەك ئۆنسە گەیشتۆتە 2 هەزار و 508 دۆلار و بەهۆیەوە نرخی زێڕی عەیار 24 گەیشتۆتە 605 هەزار دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی زێڕی عەیاری 21 گەیشتۆتە 530 هەزار دینار و عەیاری 18 بووە بە 455 هەزار دینار.
ئاشكراشی كرد، دۆخی ئابووری جیهانی و شەڕی بەردەوامی وڵاتان كاریگەری كردۆتە سەر زێڕ و دراوەكان و نرخی بەرزكردۆتەوە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ساڵی ڕابردوو نرخی یەك ئۆنسە زیِڕ لە خوار 2 هەزار دۆلارەوە بوو، نرخی یەك مسقاڵ زیِڕی عەیار 18 بە 350 هەزار دینار بوو، بەوەش تا ئێستا نرخی یەك مسقاڵ لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 100 هەزار دینار گران بووە.