نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە دۆخێكی ناجێگیردایە و ئەمڕۆش نرخی دۆلار بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە دابەزین كرد.
ڕەوەند میرزا لە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی كردنەوەی بازاڕی دراوەكاندا، نرخی 100 دۆلار بە 149 هەزار و 850 دینار مامەڵەی پێوەدەكرا، بەڵام دوانیوەڕۆ نرخەكەی زیاتر دابەزی.
ڕاشیگەیاند، ئێستا لەكاتی داخستنی بازاڕدا، بەهای 100 دۆلار دابەزیوە بۆ 149 هەزار و 300 دینار.
سەرەڕای بڕیارەكانی بانكی ناوەندی عێراق و ڕێگری لە بەقاچاخ بردنی دۆلار و كۆنتڕۆڵ كردنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو و پێدانی دۆلار بە كۆمپانیاكان بە نرخی فەرمی، بەڵام نرخی دۆلار هێشتا بەرزە لەكاتێكدا بەپێی نرخی فەرمی 100 دۆلار بە 132 هەزار دینار دیاری كراوە.