ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بڵاوبونه‌وه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نه‌خۆشی ئاوڵه‌ی مه‌یمونی به “باری نائاسایی ته‌ندروستی جیهانی” ناساند، به‌جۆرێك حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون له‌نێو منداڵان و گه‌وره‌ساڵان له زیاتر له ده‌یان وڵات‌دا پشتڕاستكراوەتەوە و گەیشتوتە وڵاتانی ئەوروپا و تەندروستی سلێمانی نیشانەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكە و ڕێكارەكانی خۆپارێزی ڕاگەیاند.
له مانگی 11ی ساڵی ڕابردووه‌وه ڕێژه‌ی توشبوون به ئاوڵه‌ی مه‌یموون له كۆماری كۆنگۆی دیموكرات زۆر زیادی كردوه، زنجیره‌ی ڤایرۆسه‌كه به‌م دواییانه له چه‌ند وڵاتێكی ئه‌فه‌ریقا بڵاوبۆته‌وه، ئه‌م ڤایرۆسه دوو جۆری سه‌ره‌كی هه‌یه یه‌كه‌میان” كۆنجۆ”یه كه زۆر مه‌ترسیداره، ئه‌گه‌ری مردن به‌هۆیه‌وه ده‌گاته 10% و جۆری دووه‌م شریتی ڕۆژئاوای ئه‌فه‌ریقایه، كە 1%ە بۆ مه‌ترسی مردن.
تەندروستی جیهانی “باری نائاسایی” ڕاگەیاند
وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سوید، یه‌كه‌م حاڵه‌تی تووشبوون به ئاوڵه‌ی مه‌یمونی پشتڕاستكرده‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌سه‌ر شوێنی مانه‌وه‌ی تووشبووه‌كه و چۆنیه‌تی تووشبوونی به‌و نه‌خۆشیه بخاته‌ڕوو، جهختیشیكردۆتهوه، رێكاری خۆپارێزی توندیان گرتۆته‌به‌ر.
هاوكات، تێدرۆس ئه‌دهانۆم گیبریسوس، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی رایگه‌یاند، “ئه‌مه شتێكه، كه ده‌بێت په‌یوه‌ندی به هه‌موومانه‌وه هه‌بێت، ئه‌گه‌ری بڵاوبوونه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌فریقا هەیە و زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه”.
ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بۆ یەكەمجار لەساڵی 1958 لە دانیمارك دۆزرایەوە لەنێو ئەو مەیمونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێنران، لەساڵی 1970 بۆ یەكەمجار تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا.
تەندروستی عێراق ڕێكاری بەپەلەی گرتەبەر
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نووسراوێكدا، كە دەست (خەڵك) كەوتووە، داوا لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سەرجەم پارێزگاكانی عێراق دەكات، رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر.
بەڕێوەبەری بەشی تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، تیمی تەندروستی لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان جێگیرکراون بۆ لێکۆڵینەوە لە هەر نەخۆشێك و لە ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی توشبوون لە هەر گەشتیارێک، جیای دەكەنەوە.
ڕیاز عه‌بدولئه‌میر، به‌ڕێوه‌به‌ری فه‌رمانگه‌ی گشتیی ته‌ندروستی عێراق ئاشكرای كردووه، تا ئێستا هیچ حاڵه‌تێكی نه‌خۆشی ‘ئاوڵه‌ی مه‌یموون’ تۆمار نه‌كراوه و فه‌رمانگه ته‌ندروستییه‌كانیش گشت ڕێوشوێنێكیان له پارێزگاكان خستووەته ئاماده‌باشییه‌وه بۆ پێشگیریی هەر حاڵەتێك كه گومانی نه‌خۆشییەکەی لێ بكرێت.
تەندروستی سلێمانی نیشانە و هۆكارەكانی تووشبوون و خۆپاراستن ڕاگەیاند
نەخۆشی ئاوڵەی مەیمون بەهۆی ڤایرۆسێكەوە دروست دەبێت و نیشانە باوەكانی بریتیە لە هەوكردنی بەئازاری پێست و نیشانەكانی بەردەوام دەبێت لە دوو هەفتە بۆ چوار هەفتە و تا و سەرئێشە و ئازاری جومگەكان و پشت ئێشەی لەگەڵدا دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئاوڵەی مەیمون لەمرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی تێكەڵاوبوونی جەستەیی كەسی تووشبوو یاخود دەستلێدان لەكەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یان دەستلێدان لە ئاژەڵی تووشبوو.
هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون:
– تێكەڵاوبوونی كەسانی تووشبوو لە ڕێگەی دەستلێدان و كاری سێكسی.
– دەستلێدان لە پێستی كەستی تووشبوو و ماچكردنی.
– دەستلێدان لە دەموچاو لەكاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.
– دەستلێدان لە كەلوپەلی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.
– دەستلێدان لەئاژەڵی تووشبوو لەڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.
نیشانەكانی ئاوڵەی مەیمون:
ئەم نەخۆشیە نیشانەكانی لە هەفتەیەكدا دەردەكەوێت تاوەكو چوار هەفتە دەخایەنێت و لای هەندێك كەس كە بەرگرییان لاوازە ماوەكەی درێژتر دەبێت.
– هەوكردنی پێست و هەوكردنی قوڕگ.
– تالێهاتن و سەرئێشە و بێهێزی.
– ئازاری ماسولكە و ئازاری پشت.
– ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی تەندروستی سلێمانی، ئاوڵەی مەیمون لەشێوەی هەوكردنی پێست دەردەكەوێت و شوێنە تووشبووەكە پڕدەبێت لە شلەمەنی و دەبێتە هۆی خورانی زۆر و بەئازار، لەكاتی چاكبوونەوە پێستەكە وشك دەبێتەوە و هەڵدەوەرێت و زۆرینەی تووشبووان لەماوەی 2 بۆ 4 هەفتە چاك دەبنەوە.
ڕێنمایی بۆ كەسی تووشبوو بە ئاوڵەی مەیمون:
– ئاگاداركردنەوەی هەر كەسێك بەم دواییە تێكەڵاویت كردوە.
– دووركەوتنەوە لەئەنجامدانی كاری سێكسی.
– مانەوە لەماڵەوە تائەو كاتەی پێستی تووشبوو نامێنێت و چینێك پێستی نوێ دروست دەبێت.
– داپۆشینی شوێنە تووشبووەكان و بەكارهێنانی دەمامك كاتێك لەگەڵ خەڵكی تر دەبیت.
– شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون و مەوادی پاكژكەرەوە بەتایبەت لە پێش و دوای دەستلێدان لە شوێنی تووشبوو.
– دەست لێنەدان و برینداركردنی شوێنی تووشبوو و ئەوە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی چاكبوونەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنی تری جەستە.
ساڵی 2022 ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەكی كتوپڕ لەسەرتاسەری ئەوروپا و هەردوو كیشوەری ئەمریكای باكور و باشور بڵاوبوەوە و لە 110 وڵات‌دا تووشبوونی 87 هەزار كەس و 112 حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران، لەئێستادا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاوڵەی مەیمونی وەك بارێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند و ئامادەكاریی دەكات بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.