بەهرۆز جەعفەر
ئەگەر ڕاستیمان بوێ، ئیدارەی ترامپ دۆخەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپتر کرد؛ لەگەڵ هاتنی بۆ کۆشکی سپی لە ساڵی ٢٠١٨دا، کشانەوەی ئەمریکای لە ڕێککەوتنە-ئەتۆمییەکەی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند، کە دوای دە ساڵ گفتوگۆ ئیمزا لەسەر ئەو ڕێککەوتنە کرابوو؛ ئینجا سزاکانی لەسەر ئێران تووند کرد، لەبەرانبەردا ئێرانیش دەستوەردانەکانی لە عێراق، لوبنان، سوریاو یەمەن دوو هێندەکرد.
بووە هۆی ئەوەی تەنانەت گرووپە شیعییە دەستەڵاتدارەکانی عێراق لە پەرلەمانی وڵاتەکەیان و لە شەقامەکانەوە داوای دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بکەن، ئینجا ئیدارەی ترامپ هێرشی کوشندەی بۆ سەر ئێران ئەنجام دا، لەوانە کوشتنی قاسمی سولەیمانی لە ( ٣ ی جانیوەری ٢٠٢٠) کە یەکێک بوو لە ئایکۆنە هەرە دیارەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، لەئەنجامدا ئێران دەستی بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی کردەوەو، هەڕەشەکانی گرووپە پرۆ-ئێرانییەکان لەسەر کانە نەوتییەکانی سعودییە زیاتری کرد.
کاتێک دەستەڵاتدارانی سعودییە بینیان کە ئەمریکا نایانپارێزێت لە هەڕەشەی حووسییەکانی یەمەن، بیریان لەوەکردەوە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ڕووسیا بەهێزتر بکەن، لە کۆتاییدا، پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ ڕاپۆرتیان پێشکەشکردوە کە ئێران بڕێکی کەمی یۆرانیۆمی تا ئاستی نزیک لە پلەی چەک پیتاندووە، ئەمەش زەنگی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
جگەلەوەش، لەبەرئەوەی دۆخی ئابوریی ئێران بەهۆی گەندەڵی لەناوخۆداو سەپاندنی سزاکان لەدەرەوە بەردەوام خراپ-و- خراپتر بوە، دۆخی دەستەڵاتدارانی ئێران لەناوەوە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوریی و سیاسی و ئەمنییەوە تەواو بەرەو خوار بووە.
بۆ ئەوەی ئەمە زەق نەبێتەوە، بەردەوام زیرەکانە دەستییان لە کاروباری دەرەوە وەرداوە؛ دواترینییان سەرمایەگوزارییکردن بوو بە “حەماس” و خەڵکی “غەزە” وە. بسمارک وتەنی ڕووداوەکان بە ئاگرو ئاسن یەکلایی دەبنەوە، نەک گفتوگۆ؛ جەنگی غەزە دەوەستێت، بەڵام ئەوە نیوەی ڕێگا بوو، نیوەکەی دیکە چۆن دەبێ؟! لەدوای تەواوبوونی نیوەکەی دیکە؛ پاشان نەزمێکی نوێ لە دایک دەبێت، کە تیایدا یاریکەرە سەرەکییەکان، دەستەڵات و بەهاو نۆرمەکان دیاریدەکرێنەوە.
لە ٢٠٢٤ دا، نۆ وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمین کە بریتین لە ئەمریکا، ڕووسیا، فەرەنسا، چین، بەریتانیا، پاکستان، هیندستان، ئیسرائیل و کۆریای باکوور. چەکی ئەتۆمی بریتییە لە ئامێرێکی تەقینەوە کە هێزی وێرانکەری خۆی لە دابەشبوونی ئەتۆمی، یەکگرتنی ئەتۆمی، یان تێکەڵەیەک لەم دووانە وەردەگرێت، چەکی ئەتۆمی بە یەکەوە پێیان دەوترێت بۆمبی ئەتۆمی.
هەموو چەکی ئەتۆمی لە یەکێک لە دوو پۆلی فراواندا جێیان دەبێتەوە: چەکی دابەشبوون و تێکەڵاو، یان دیزاینە وێرانکەرەکانی بنەمای یەکگرتن، کە لە ڕووی تەکنیکییەوە چەکی ئەتۆمی گەرمین و ڕەنگە بە بۆمبی ئەتۆمی گەرمی، چەکی تێکەڵاو، بۆمبی هایدرۆجینی، یان بۆمبی-H کە بڕێکی زۆر تەقینەوە بڵاو دەکاتەوە (بە ١٠٠٠ تۆن یان ١٠٠٠.٠٠٠مێگاتۆن تۆن تی ئێن تی-TNT دەپێورێت)، جگەلەوەش گەرمی و تیشکدانەوەی هەیە، ئەمە بە سادەیی ترسناکترین چەکن لەسەر زەوی، توانای بەرهەمهێنانی مردن و لەناوچوون و برینداربوون و نەخۆشی زیاتریان هەیە لە هەموو چەکێکی تر.
بەپێی دامەزراوەی توێژینەوەی ئاشتی ستۆکهۆڵم (Stockholm International Peace Research Institute) لە (٢٠٢٤) دا بەرەو ژووری ١٢ هەزار کڵاوەی ئەتۆمی لە جیهاندا هەیە، کە (٩٥٨٥) دانەیان جێگیرکراون بۆ حاڵەتی ئەگەریی.
لە کاتێکدا ئەمە زۆر کەمترە لەوەی کە ئەمریکا و ڕووسیا لە لوتکەی جەنگی سارددا خاوەنی بوون، بەڵام جێگەی سەرنجە کە وڵاتانی خاوەن چەکی ئەتۆمی زیاترن لە چاو سەردەمی جەنگی سارد، ڕووسیا زۆرترین ژمارەی چەکی ئەتۆمیی پاراستووە و بە کۆی گشتی ٦٢٥٧ کڵاوەی چەکی ئەتۆمی مەزەندە دەکرێت، لەوانە، ١.٤٥٨ چالاکانە جێگیرکراون.
جبەخانەی ئەمەریکا نزیکەی پێنج هەزار و ٤٠٠ چەکی ئەتۆمی تێدایە کە هەزار و ٧٤٤ چەکی ئەتۆمی جێگیرکراون و ئامادەن بۆ ڕادەستکردنیان، ئەو چەکانە لە ژێردەریاییەکان و سایلۆی مووشەکی قووڵی ٨٠ پێ لە سەرانسەری پێنج ویلایەتی دەشتە گەورەکاندا هەڵگیراون، هەندێکی تریان لە بنکەکانی هێزی ئاسمانی هەڵدەگیرێن، کە دەتوانرێت لەسەر فڕۆکەی بۆمبڕێژکەری دوور مەودا باربکرێن، هاوکات سەد بۆمبی ئەمریکی لە بنکە ئاسمانییەکانی پێنج وڵاتی ئەوروپی جێگیرکراون.
بۆچی مەترسیدارە ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی؟ پێش هەموو شتێک لە دەستڕاگەیشتن بەو چەکە کۆ-کوژەدا دادپەروەریی جیهانی نییە، لە (٥٤) وڵاتی ئەفریکیدا هیچ کامیان خاوەنی چەکی ئەتۆم نیین، بەڵام لە ئاسیادا (٦) وڵات خاوەنی چەکی ئەتۆمن. لەو ساتانەی کە گرژییە-جیۆپۆڵەتیکییەکان زیاد دەکەن، ئەمانە پێکەوە جیهان دەگەیەننە لێواری ڕۆژگارێکی ترسناک، بەتایبەتی لەو وڵاتانەی کە دیموکراسییەت تیایاندا نەبوەتە کەلتورێک و بڕیارەکان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی درووست ناکرێن.
ئاسایشی جیهانی بە درێژایی ساڵی ٢٠٢٣ و دواتریش بەردەوام بوو لە تێکچوون، وەک چۆن لە دەیەکانی ڕابردووشدا ڕوویداوە. لە غەززە، میانمار، سودان و ئۆکرانیا شەڕی چەکداری گەورە هەبوو؛ خەرجییە سەربازییەکان بۆ نۆیەمین ساڵی یەک لە دوای یەک بەرزبووەوە بۆ بەرزترین ئاستی خۆی.
جگە لەمەش تێکچوونی ئیکۆلۆژیکی بەردەوامە، ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بوو بۆ لانیکەم لە ١٧٤ ساڵ، سەقامگیری نێودەوڵەتی لە ژێر فشاردایە بەهۆی چڕبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان زلهێزەکان، لە ئەنجامدا، تەواوی هەوڵەکان بۆ بڵاوبوونەوەو کۆنترۆڵکردنی چەکی ئەتۆمی کە شەش دەیە درێژەی هەیە، مەترسی لە دەست دەرچوونی لەسەرە.
بۆیە، وەکو ئەندرێس کلوت، ستوونی بلومبێرگ لەسەر ئاستی جەمسەرگیریی جیهانیدا، شیدەکەنەوە، کە چین، ڕووسیا، کۆریای باکور، ئێران لهبهرهیهكى ئهم سەربازگە نوێیەدان، دژى تاکجەمسەری ئهمریكاو وڵاتانى ئهندام له ناتۆ.
بە دیوێکی تر، پەیداکردنی هەر هەژموونێک لهناوچهكهدا لهلایهن چینهوه، بۆ ئێران و ڕووسیاو کۆریاشە. كهواته ههر ڕووداوێكى سیاسی له ڕۆژههڵاتدا، ڕاستهوخۆ پهیوهندیی به ململانێكانى ئێران و ئهمریكاوه ههیه له ناوچهكهدا.
لەڕاستیدا، دیپلۆماسییەت تووشی چەندین بەربەست بوەتەوە لە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی کۆنترۆڵکردنی چەک لەوانە پێشڕەوییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پەیوەندییەکانی بە ململانێکانی کەرتی غەززە و ئۆکرانیا، ئەم دۆخەش ڕەنگە جیهان تووشی جەنگێکی- تێکشکێنەر بکاتەوە.
بەتایبەت بۆ وڵاتێکی وەک ئێران کە بە درێژایی مێژوو بوون و ئیرادەی بەردەوامیی خۆی لە دەستوەردان لەدەرەوەو فراوانخوازیی ناوچەییدا بینیوەتەوە، ئەمە لە وڵاتێکی گەورەدا کە چەندین دامەزراوەی هەیە و ئەزموونی زۆری لە شاردنەوەی ئەتۆمیدا هەیە، پێشێلکارییەکان لە بنەڕەتدا دۆزینەوەی ئەستەمە.
وەکو کیسنجەر چەند مانگێک پێش ژیانئاواییەکەی، دەیوت؛ داڕشتنی مۆدێلی تیۆریی و پشکنین شتێکە، سەپاندنی پابەندبوون، هەفتە لە دوای هەفتە، سەرەڕای قەیرانە نێودەوڵەتییە کێبڕکێکارەکان و سەرقاڵکردنی ناوخۆیی، شتێکی دیکەیە؛ پێدەچێت ئێران دەستی بگاتە چەکی ئەتۆمی و دۆخی شپرزەیی جیهانی بقۆزێتەوە.