لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق بە مەبەستی دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی چەند بڕیار و ڕێكارێك دەگرێتەبەر و ئاشكرای دەكات، لە چەند بانكێك دۆلار بە هەرزانتر دەفرۆشرێت بە هاووڵاتیان، كە ١٠٠ دۆلار بە ١٤٥ هەزار و ٥٠دینار دەبێت.
لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا بڕیار و ڕێكارەكانی بانكی ناوەندی عێراق بڵاودەكاتەوە و ئاماژە بەوەدەكات، بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی سیاسەتی دراو، بڕیار دراوە لە قۆناغی داهاتوودا ڕێگە بدرێت بەو بانكانەی ئارەزووی بەشداریكردنیان لە پەنجەرەی ڕاستەوخۆی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانیدا هەیە، هەر بڕە پارەیەك بە دراوی بیانی بكڕن و بیخەنە سەر هەژماری بەكارهێنراوی ئەم بانكە
لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق چەند مەرج و ڕێكارێكی داناوە بۆ ئەو بانكانەی دەیانەوێت ڕاستەوخۆ دلار بفرۆشن، كە ئەمانەن:
١- سوودی ساڵانە بە ڕێژەی ٥٪ لەدوای كۆتایی هەر مانگێكەوە، لەسەر بنەمای كەمترین باڵانسی ڕۆژانە، كە لەلایەن بانكەوە لە ڕۆژانی مانگدا بەدەستی هێناوە لە هەژماری دیاریكراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەكی (ئەو گواستنەوانەی، كە دەبێت لە ڕێگەی پەنجەرەی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی جێبەجێ بكرێت).
٢- هەڵوەشاندنەوەی میكانیزمی بەهێزكردنی هەژماری بانكی لەدەرەوەی وڵات بەپێی پۆلێنكردن.
٣- هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی (د/ ٣/ دووەم)ی كۆنتڕۆڵكردنی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی بۆ ساڵی ٢٠٢١، بەپێی ئەوەش پێشتر بانكەكان ڕاسپێردرابوون پێش ماوەی پێنج ڕۆژی كاركردن لە رێكەوتی جێبەجێكردنی گواستنەوەی دەرەكییەوە (التحویل الخارجی) پارە دابنێن.
٤- داواكاریی گواستنەوەی بانكی بۆ دەرەوەی وڵات لە ماوەی دوو ڕۆژی كاركردن لە رێكەوتی پێشكەشكردنی داواكاریی گواستنەوە، جێبەجێ دەكرێت.
٥- ئەو باڵانسەی، كە لە هەژمارەكە دیاریكراوە، بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەكی بۆ دۆلار بەپێی نرخی ئاڵوگۆڕی ١٤٦٠ دینار هەڵدەسەنگێندرێت.
٦- ڕێژەی وەڵامدانەوەی داواكاریی گواستنەوەی دەرەكی، كە لەلایەن بانكەكەوە پێشكەش دەكرێت، دەبێت ٧٥٪، كە بانكی ناوەندیی عێراق، لە باڵانسی ڕۆژانەی بەردەست لە ئەژمێری دیاریكراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەكی، دیاریی دەكات.
٧- ئەو میكانیزمەی سەرەوە ئەو قەرزە دۆكیۆمێنتارییانە ناگرێتەوە، كە لە ڕێگەی پەنجەرەی (دینار- دۆلار)ەوە جێبەجێ دەكرێن، چونكە بە ڕێژەی ١٠٠٪ جێبەجێ دەكرێت بۆ هاندانی بانكەكان بۆ دابینكردنی دراو و پارەداركردنی بازرگانیی دەرەكی لە ڕێگەی قەرزە دۆكیۆمێنتارییەكانەوە بە نرخی كێبڕكێی ئاڵوگۆڕكردن بە (١٤٦٥) دینار بۆ دۆلار، وەك بانكی ناوەندی، كە دۆلار بە بانكەكان دەفرۆشێت بە نرخی (١٤٥٥) دینار بۆ هەر دۆلارێك لەبڕی (١٤٦٠) دینار بۆ هەر دۆلارێك، بەمەرجێك قەرزی دۆكیۆمێنتاری لە ماوەی دوو ڕۆژی دەوام لەرێكەوتی پێشكەشكردنی داواكاریی بانكەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كاتێك بانك بیەوێت لەو هەژمارە دەربهێنێت، كە بۆ مەبەستی جێبەجێكردنی گواستنەوەی دەرەكیی دیاری كراوە، ئەو بڕە پارەیەی كە پێویستە وەربگیرێت، دەگوازرێتەوە بۆ هەژماری جارانی بانك، بە دراوی دیناری عێراقی.
لقی هەولێری بانكی ناوەندی جەختی كردۆتەوە، كە بۆ بانكە ئیسلامییەكان ئەو ڕێكارانە جێبەجێ دەكرێت:
أ- سوودەكە لەكۆتایی مانگدا بە پشتبەستن بە ژمارەی ئەو ڕۆژانە حیسابی بۆ دەكرێت، كە بانكەكە لە ماوەی مانگی پەیوەندیداردا دانراوە، بە پشتبەستن بە كەمترین باڵانسی بەدەستهاتوو لە ماوەی مانگەكەدا لە حسابی دیاریكراو، بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەكی و دواتر بەپێی ڕێژەی سوودی دیاریكراو، كە ٥٪ دانراوە.
ب- ئەم بانكە، وەكوو بریكاری بانكی ئیسلامی، كەمترین باڵانسی دانراو لەلایەن بانكەوە لە هەژماری دیاریكراو بۆ مەبەستی گواستنەوەی دەرەكی لە ڕۆژانی ئەو مانگەی، كە بڕیارە سوودەكەی تێدا حساب بكرێت، دیاری دەكات و باڵانسەكە بۆ كڕینی كاڵای بازرگانی لە جیهانی بەكار دەهێنێت، وەك (ئەلەمنیۆم، زەیتی خورما و.. هتد) بۆ بانك لە ڕێگەی یەكێك لە پلاتفۆرمەكانی بۆرسەی جیهانییەوە و دواتر بانكەكە بە نرخێكی زیاتر لە نرخی كڕینی دەیكڕێت، لەگەڵ جیاوازییەك، كە نوێنەرایەتیی… ڕێژەی گەڕانەوەی دیاریكراو.
ئەمڕۆ چوار شەممە، جارێكی دیكە بەهای دۆلار گەیشتەوە بەرزترین ئاست و نرخی ١٠٠ دۆلار بوو بە ١٥٧ هەزار دینار، بەڵام دوانیوەڕۆ جارێكی دیكە بۆ ١٥٥ هەزار دینار دابەزییەوە.