٩٥٪ـی كارەكانی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی دووسایدی دووكان – چوارقوڕنە تەواوكراوە.
بەتەواوبوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، ڕێگای كاتژمێرێك و ٤٠ خولەكی نێوان چوارقووڕنە – هەولێر بووەتە كاتژمێرێك و ١٥ خولەك.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگای دووسایدی دووكان – چوارقووڕنە، یەكێكە لە پرۆژە ستراتیژییەكانی حكومەت كە درێژییەكەی ٥٣ كیلۆمەترە و بە سێ قۆناغ، جێبەجێدەكرێت.
محەممەد ئەحمەد، سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، بە فەرمانگەی میدیاو زانیاری ڕاگەیاندووە، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، دەكەوێتە سنووری ئیدارەی ڕاپەرین، ٩٥٪ـی كارەكانی تەواوبووە، درێژییەكەی ١٨ كیلۆمەتر و نیوە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێكیش ٨ مەتر و نیوە”.
سەرپەرشتیاری پڕۆژەكە، ئەوەشی وتووە، “بەتەواوبوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەكە، ڕێگای كاتژمێرێك و ٤٠ خولەكی نێوان چوارقووڕنە – هەولێر بووەتە كاتژمێرێك و ١٥ خولەك”.
تێچووی دروستكردنی قۆناغی یەكەمی ڕێگاكە ٥٢ ملیار دینارە و بە سێ چین قیر ڕووپۆشكراوە، چوار پردی تێدایە كە درێژییان دەگاتە ٣٤٠ مەتر، ئەوەی لەو قۆناخەدا ماوە تەواوبكرێت، تەنها كاری هێڵكاریی و جێگیركردنی هێماكانی هاتووچۆیە.