ئەمڕۆ چوارشەممە لە هەولێر، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم پێشوازیكرد لە ستیڤ بیتنەر كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا و لە دیدارێكدا قوباد تاڵەبانی ستایشی كونسوڵی پێشووی ئەمریكای كرد بەوەی رۆڵی باشی بینیوە لە بوارەكانی مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و هاوكاریكردنی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی لە كوردستان و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.
قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە كونسوڵی گشتیی نوێی ئەمریكا كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونییەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوكاری و هەماهەنگییەك لەپێناو سەركەوتن لە ئەركە نوێیەكەیدا.
لە بەشێكی كۆبوونەوەكەدا باس لە دۆخی سیاسی ناوخۆی هەرێم كرا و هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرەنجامەكەی رەنگدانەوەی تەواوی خواست و ئیرادەی هاووڵاتییانی هەرێم بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، جەخت كرایەوە لەسەر پێویستیی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكان بۆ ئەوەی بتوانرێت كێشەكان بە شێوەیەكی بنەڕەتی و بەپێی دەستور چارەسەربكرێن.
لە تەوەرێكی دیكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنییەتی بەهێزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا. لەمبارەیەشەوە هاوڕابوون لەسەر هەماهەنگی و پێكەوەكاركردنی زیاتر بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ئەمریكا لە بوارە جیاوازەكاندا.