چۆن زیرەکی دەستکرد فێردەکرێت؟



سەردەشت عەزیز – شارەزایی تەکنەلۆژیا

بەشی دووەم…

مرۆڤ لە ڕێگەی تێکەڵەییەک لە پڕۆسەی مەعریفی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە فێردەبێت، بەڵام زیرەکی دەستکرد لە ڕێگەی ڕاهێنان و پێدانی زانیاییەوە فێردەبێت.

بۆ ئەوەی زیرەکی دەستکرد دروستبکرێت پێویستە بڕێکی زۆر زانیاری کۆبکرێتەوە و ڕێکبخرێن و پاشان پێی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر بنەمای ئەو زانیارییانە پێشبینیبکات و بڕیاربدات.

فێرکردنی زیرەکی دەستکرد هاوشێوەی پڕۆسەی فێربونی منداڵە، منداڵ لە ڕێگەی فێرکردن، سەرنجدان و ئەزموونەوە فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش لە ڕێگەی پێدانی زانیارییەوە فێردەبێت.

بۆ نمونە کاتێک منداڵ پشیلە دەبینێت، پشیلەی گەورە و بچوک بە ڕەنگ و شێوازی جیاواز دەبینێت و لەوێوە وردە وردە ئەم منداڵە تێدەگات لە خاڵی هاوبەشی هەموو ئەو پشیلانەی بینیویەتی و دەیناسێتەوە.

فێرکردنی زیرەکی دەستکردیش بە هەمان شێوازە، کاتێک لەناو ملیۆنان وێنەی پشیلەدا خاڵە هاوبەشەکانیان وەردگرێت و دواتر دەتوانێت بەو خاڵانە پشیلە لە وێنەدا بناسێتەوە.

سەرەتا بۆ باشتر تێگەیشتن لەم بابەتە گرنگە بزانین ئەلگۆریزم چیە؟

ئەلگۆریزم کۆمەڵە ڕێنمایی و زانیارییە، کە بە کۆمپیوتەر دەڵێت چۆن کێشەیەک چارەسەربکات یان کردارێک ئەنجامبدات، بۆ نمونە چۆن کەسێک هەنگاو بە هەنگاو ڕێنماییت دەکات بۆ فێربوونی شۆفێری.

ئەلگۆریزم هەنگاو بە هەنگاو ڕێنمایی کۆمپیوتەر دەکات بۆ ئەنجامدانی کارێکی دیاریکراو، بۆ نمونە کاتێک لەسەر گۆگڵ ماپ دەتەوێت بچیت بۆ شوێنێک، ئەلگۆریزمی ئەو نەخشەیە هەوڵدەدات کورتترین ڕێگا لەسەر نەخشەکە بدۆزێتەوە بۆ ئەو شوێنە.

 

قۆناغەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد:

زیرەکی دەستکرد وەک هەموو دروستکراوەکانی دیکەی دەستی مرۆڤ سەرەتا دەبێت دروستبکرێت پاشان بەکاربهێنرێت.

 

قۆناغەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد

یەکەم: کۆکردنەوەی زانیاری

زیرەکی دەستکرد پێویستی بە بڕێکی زۆری زانیاریی هەیە بۆ ئەوەی فێربکرێت، کە دەکرێت ئەم زانیارییانە لە ڕێگەی نوسین، وێنە ڤیدیۆ و دەنگەوە کۆبکرێنەوە و پێی بدرێت، هەتا زانیاریەکان زۆرتربن ئەو زیرەکی دەستکردە بەهێزتر دەبێت، ئەم زانیاریانە سەرەتا وەک ماددەی خام (مادة خام)مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

دووەم: ئامادەکردنی زانیارییەکان

دوای ئەوەی زانیارییەکان کۆکرانەوە، جارێکیتر وردبینی دەکرێن و زانیارییە ناپێویست و دووبارەکان لادەبرێن و پاشان ڕێکدەخرێنەوە و دەخرێنە سەر شێوازی تایبەت بۆ ئەوەی بدرێت بە زیرەکی دەستکرد، بۆ نمونە بەو شێوازەی چۆن تۆ سەوزەیەک پێش خواردن پاکدەکەیت و ئامادەیدەکەیت.

سێیەم: شێوازەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد

زانیارییەکان ئامادەن و کاتی ئەوەیە زیرەکی دەستکرد فێربکرێت، ئەم فێرکردنە بەچەند شێوازێکە وەک:

١- فێرکردن لە ژێر چاودێریدا: لەم جۆرەدا ناو بۆ زانیاریەکان دادەنرێت تا زیرەکی دەستکرد بیناسێتەوە بۆ نمونە لە وێنەی پشیلە دەنوسرێت پشیلە، ئەمە بۆ سەرجەم زانیاریەکانی دیکەش بە هەمانشێوەن، ئەم پرۆسەیە وەک ئەوە سەیربکە تۆ لە ماڵەکەی خۆت هەموو کەلوپەلەکان لەزگەیەکی لێبدەیت و ناوەکەی لەسەر بنوسیت بۆ نمونە (تەلەفیزیۆن و سەلاجەو هتد).

٢- فێرکردنی بێ چاودێری: لەمجۆرەدا زانیاریەکان وەک جۆری یەکەم ناوی بۆ دانانرێت، بەڵکو دەبێت زیرەکی دەستکرد خۆی بتوانێت شیکاری بۆ بکات و جیایان بکاتەوە، ئەم جۆرەیان لە سۆشیاڵ میدیادا زۆر بەکاردەهێنرێت و کۆمپانیاکان بۆ زانینی چالاکی و هەڵسوکەتی بەکارهێنەران سوود لەمجۆرە وەردەگرن.

بۆ نمونە کۆمپانیایەک ڕیکلامی کردوە بۆ فرۆشتنی بەرهەمێک بۆ بەکارهێنەرانی فەیسبووک لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی، ئەمجۆرە هەڵدەستێت بەجیاکردنەوەی ئەو کەسانەی کە لە هەولێر و سلێمانین و پێشوتر چالاکییان هەبووە لەسەر ئەو بابەتانەی باسی ئەو بەرهەمەی تێدابووە.

٣- فێرکردن لە ڕێگەی بەهێزکردنەوە: ئەمجۆرە بەکاردەهێنرێت بۆ فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، کە خۆی بەپێی ئەو ژینگەی تێیدایە بڕیاربدات بەبێ ئەوەی مرۆڤ تەداخول بکات و هیچ ڕێنماییەکی پێبدات، ئەمجۆرەیان لە ئۆتۆمۆبێلی بێ شۆفێرو ڕۆبۆت و یارییە ئەلیکترۆنییەکان بەکاردەهێنرێت، جیاوازی ئەمجۆرەیان لە جۆری دووەمی فێربوون ئەوەیە کە ئەمجۆرە بەهۆی بیردۆزی(تاقیکردنەوە – هەڵە)ەوە فێردەبێت نەک لە ڕێگەی پێدانی زانیاییەوە، هەروەک چۆن مرۆڤ سەرەتا ئەو شتانەی نایزانێت تاقیدەکاتەوە و هەڵەدەکات بەڵام وردە وردە فێردەبێت و هەڵەکانی نامێنێت.

 

چوارەم: هەڵبژاردنی ئەلگۆریزم

هەڵبژاردنی ئەلگۆریزمی گونجاو یەکێکی دیکەیە لە هەنگاوە گرنگەکانی فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، چۆن مرۆڤ بە چەند شێوازێکی جیاواز کێشەکان چارەسەردەکات یان فێردەبێت، زیرەکی دەستکردیش چەندین جۆری جیاواز لە چارەسەری کێشە و فێربوونی هەیە.

لەم قۆناغەدا زانیاری و ئەرکە جیاوازەکان دابەشدەکرێت بەسەر جۆرە جیاوازەکانی فێربوون و چارەسەری کێشەدا، بۆ نمونە ئەلگۆریزمی ناسینەوەی وێنە جیاوازە لە ئەلگۆریزمی پێشبینکردنی ئەنجامی یاری تۆپی پێ، بۆیە لەم قۆناغەدا ئەلگۆریزمی گونجاو بۆ کێشەکە دیاریدەکرێت، هەروەک چۆن کەسێک نەخۆش بێت بەپێی جۆری نەخۆشیەکەی دکتۆری بۆ دیاریدەکرێت.

 

پێنجەم: ڕاهێنان

دوای ئەوەی زانیاریەکان ئامادەکران بۆ بەکارهێنان، ئەم زانیاریانە دەدرێن بە ئەلگۆریزمەکان و ئەوانیش زانیاریەکان شیکاردەکەن و ڕێکیدەخەن،  ئەم قۆناغە دەبێتە قۆناغی پێدانی پرسیارەکان لەگەڵ وەڵامەکەی بە زیرەکی دەستکرد و زیرەکی دەستکردیش لە ئەنجامی پێدانی ئەو زانیارییانەوە و لە ڕێگەی دزۆینەوەی پەیوەندی نێوانیانەوە دەتوانێت وەڵام و پێشبینی زیاتر بەرهەم بهێنێت، ئەم قۆناغەیان وەک ڕاهێنانی ڕۆژانەی یاریزانێک وایە بۆ ئەوەی بەردەوام هەوڵبدات باشتربێت.

 

شەشەم: تاقیکردنەوە

دوای پێدانی زانیاری و فێرکردنی زیرەکی دەستکرد، ئێستا کاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەیە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند زیرەکی دەستکردەکە فێربوە ،هەروەک چۆن خوێندکار فێردەکرێت دواتر تاقیدەکرێتەوە.

زیرەکی دەستکرد بە کۆمەڵێک پرسیار و داواکاریی تاقیدەکرێتەوە کە پێشووتر پێی نەدراوە بۆ ئەوەی بزانن تا چەند توانای وەڵامدانەوەی هەیە، هەروەک چۆن خوێندکار لە پۆلدا نمونەییەکی فێردەکرێت و لە تاقیکردنەوە نمونەیەکی جیاوازتری بۆ دێتەوە.

ئەگەر زیرەکی دەستکرد وەڵامەکانی هەڵەی تێدابوو یان لە تاقیکردنەوە دەرنەچوو، دوبارە ڕاهێنانی پێدەکرێتەوە هەتا دەگاتە باشترین ئاستی خۆی، وەک فێرکردنی قوتابیەک ئاستی باش نەبێت هەتا زیرەک دەبێت.

 

حەوتەم: بڵاوکردنەوە

دوای ئامادەکردنی زیرەکی دەستکرد لەهەموو لایەنەکانەوە، ئەم زیرەکی دەستکرد بڵاودەکرێتەوە و بەردەست دەخرێت بۆ بەکارهێنان.

 

هەشتەم: بەردەوامی

ئەم پرۆسانەی سەرەوە بەردەوام دەبن و قەبارەی زانیارییەکان بەردەوام زیاتر دەبن، فێرکردنەکە بەهێزتر دەکرێت و ئەنجامی باشتر بەدەستدەهێنرێت.

تێبینی: سەیربکە تەنها بۆ ناسینەوەی یەک وێنە پێویستی بە چەندین زانیاری زۆر و ورد هەیە، ئەی ئەگەر ئەم زیرەکی دەستکردە لە چەند بوارێکی جیاوازدا بێت و وەڵامی پرسیارەکانمان بداتەوە، دەبێت چەند ئاڵۆز بێت؟ بۆیە ئەم پڕۆسەیە ئاسان نییە و زۆریش قورسە، تێچووی کۆکردنەوەی زانیاری و هەڵگرتنیان و بەکارهێنانی کۆمپیوتەری ئاست بەرز بۆ بەرهەمهێنانی زیرەکی دەستکرد ملیارەها دۆلارە.

 

ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەكرێت
پێت ئامادەكاری بۆ تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەكرێت
لە چەند پارێزگایەكی عێراق چەند ڕۆژێك كرایە پشوو
دوات لە چەند پارێزگایەكی عێراق چەند ڕۆژێك كرایە پشوو
پەیوەندیدار