هێرشی ئۆکراین بۆ سەر ناوچەی کورسکی ڕووسیا دۆخی شەڕی گۆڕی



 

هێرشی ئۆکراین بۆ سەر خاکی ڕووسیا لە ٦ی ئابدا نەک تەنها بۆ مۆسکۆ، بەڵکو بۆ زۆرێک لە ناوخۆی ئۆکراین و زۆربەی چاودێران و ئەوانەی ئارەزووی چاودێری بارودۆخی ناوچەکە دەکەن، سەرسوڕهێنەر و جێی پرسیار بوو.

 

لە کورسک چی ڕوویدا؟

ڕۆژی ٦ی ئاب، هێزەکانی ئۆکراین هێرشێکی لەناکاویان بۆ سەر ناوچەی کورسکی ڕووسیا ئەنجامدا کە هاوسنوورە لەگەڵ ئۆکراین، سەرەتا وا دەرکەوت کە ئۆپەراسیۆنەکە هەوڵی هەندێک گرووپی ڕووسی بێت کە دژی حکومەتەکەی ڤلادیمێر پوتینن.

 

بەڵام لەگەڵ قوڵبوونەوەی هێرشەکان بۆ ناو خاکی ڕووسیا – هاتنە ئارای پێکدادانی قورس و هاتنە ناوەوە بە نزیکەی ٣٠ کیلۆمەتر بۆ ناو خاکی ڕووسیا، دەرکەوت ٢٨ گوندی ڕووسی کەوتوونەتە دەستی ئۆکراینیەکان، لێرەوە ئەوە ڕوون بووەوە کە سوپای ئۆکراین هێرشی ئەنجامداوە.

 

ئەمەش لەکاتێکدا بووە، ڕووسیا هێزە سەربازییەکانی لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕ دەکردەوە بەتایبەت هیڵەکانی پێشەوە، بۆیە ئۆکراین بڕیاریدا سود لەو سنوورە خراپە پاسەوانییە وەربگرێت و بپەڕێتەوە ناو خاکی ڕووسیا.

 

بەرپرسێکی باڵای ئەمنی ئۆکراین، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە: “ئامانج لەم هەنگاوەیان لاوازکردنی ناوەندەکانی دوژمنە بە زۆرترین زیان”.

 

بۆچی ئۆکراین هێرشی کردە سەر کورسک

سەرەتا کیێڤ لە بەرامبەر هێرشەکەدا بێدەنگ بوو و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دوای چوار رۆژ و لە ١٠ی ئابدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ دانی بەو هێرشەدا ناو وتی؛ ئۆکراین بەردەوامە لە ” گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناو خاکی ڕووسیا”.

 

ناوبراو دواتر و لە ١٢ی ئابدا ڕایگەیاند؛ کە نزیکەی هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ڕووسیا ئێستا لە ژێر کۆنترۆڵی کیێڤدایە، ئەگەرچی ئەمجارەش هۆکار و ئامانجی ڕوونی پشت ئۆپەراسیۆنەکەی نەخستەڕوو.

 

شرۆڤەکارانی سەربازی و سیاسی هەوڵدەدەن وەڵامی پرسیاری “بۆچی” بدەنەوە و زۆربەیان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پەرشوبڵاوی تاکتیکی ڕەنگە یەکێک بووبێت لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشەی کیێڤ.

 

مارک گالیۆتی شارەزای بواری ئەمنی بە تۆڕی هەواڵی بی بی سی ڕاگەیاندووە، ئۆکراین لە چەند مانگی ڕابردوودا لە شەڕی پەرتبووندا گیری خواردبوو، بەدەست جووڵەی سنووردارەوە لەسەر زەوی دەیناڵاند، بەڵام ئێستا بووەتە جێی مەترسی.

 

گالیۆتی ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆکراین ڕووبەڕووی مەترسییەکی ڕاستەقینە دەبێتەوە چونکە رووسیا هەروا ئاسان ئەم دۆخە قبوڵ ناکات.

 

هاوکات فەرماندەیەکی سوپای ئۆکراین لە لێدوانێکیدا بۆ گۆڤاری ئیکۆنۆمیست ڕایگەیاند، ئەم هێرشە “قومارێک بوو، بە ئامادەترین یەکەکانی شەڕ ئەنجامماندا و ئەوانمان نارد بۆ لاوازترین خاڵ لەسەر سنوورەکان”.

 

کاردانەوەی ڕووسیا چۆن بوو؟

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا باری نائاسایی فیدراڵییان لە ناوچەکە ڕاگەیاند و قەرەبووی دارایی تاکەکەسییان بە بڕی ١١٥ دۆلار پێشکەش بە دانیشتوانی ناوچەکە کرد، هەروەها فەرمانی ڕۆشتنی ١٢١ هەزار کەس لە ناوچەی کورسک دەرکرا و ١١ هەزار کەسی دیکەش لە ناوچەی بێلگۆرۆدەوە گواستراونەوە.

 

جەنەڕاڵ ڤالێری جیراسیمۆڤ، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ڕووسیا هەفتەی ڕابردوو چەند جارێک جەختی لەوە کردەوە کە بەر بە لەشکرکێشی ئۆکراین گیراوە، لە کاتێکدا بەڵگەی پێچەوانە لەبەردەست بوو کە ڕووسیا دەستەوستان داماوە و هیچی نەکردووە.

 

ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا لە دوایین لێدوانەکانیدا سەبارەت بەو ڕووداوانە، ئۆکراینی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی و بەڵێنی “کاردانەوەی گونجاو”ی دا.

“دەبێت بەزووترین کات بڕیارەکانی حکومەت لە سلێمانی جێبەجێ بکرێن”
پێشت “دەبێت بەزووترین کات بڕیارەکانی حکومەت لە سلێمانی جێبەجێ بکرێن”
دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی “دزیی سەدە” دواخرا
دواتر دادگاییکردنی تۆمەتباری سەرەکیی “دزیی سەدە” دواخرا
پەیوەندیدار