ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت کە بە هۆی تەرخاننەکردنی پارەوە، هاوتاکردنی مووچە و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، کاروان یاروەیس، ئەندامى فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنى نوێنەران بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاند، بەگوێرەى یاساى بودجەى 2024 عێراق هیچ بڕە پارەیەک بۆ هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەران و دامەزراندنى مامۆستایانى وانەبێژى هەرێمى کوردستان دیارینەکراوە، بەوهۆیەوە بەغدا ئامادە نییە پارەیان بۆ خەرجبکات و دەکەوێتە ساڵى داهاتوو.
وتیشى: “بەگوێرەى وتەکانى وەزیرى نەوتى عێراق کە لە لیژنەى دارایى وتوویەتى، هەناردەى نەوت دەستپێناکاتەوە و کێشەیان لە گرێبەستە نەوتییەکان و خەرجى کۆمپانیاکانى نەوت هەیە، نابێت چاوەرێى ئەوەبین بۆ ئەمساڵ نەوتى هەرێم بەبۆرى بۆ دەرەوەى وڵات هەناردە بکرێت”.
کاروان یاروەیس ئەوەشى خستەڕوو، بەغداد ئامادە نییە هیچ گواستنەوەیەک لە بودجەدا بکات بۆ ئەوەى داواکارییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ ئەمساڵ جێبەجێ بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشى: “تاکە رێگە ئەوەیە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ عێراق بگاتە رێککەوتن و لەئێستاوە دەست بەگفتوگۆ بکات تاوەکو بۆ ساڵى داهاتوو ئەو داواکارییانە لەخشتەى بودجەى 2025 جێگەى بکرێتەوە”.