ئاگرەکەی سنووری ماوەت سەریهەڵدایەوە و 1700 دۆنم سووتا



ئاگرەکەی گوندی قامیشی سنووری قەزای ماوەت سەریهەڵدایەوە و 1700 دۆنم پووش و پاوان و ڕەز و باخ سووتان، پۆلیسی دارستانیش دەڵێت، هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگەی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەى ئاگرەکەى گوندی قامیشی سنووری ماوەت لە چەند ڕۆژى ڕابردوو کۆنترۆڵ کرا، بۆ جاری دووەم سەریهەڵدایەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە دەستبەجێ مەفرەزەکانى بەشی پۆلیسی دارستانی ماوەت گەیشتنە شوێنی دیاریکراو، بەڵام بەهۆی بوونی مین و تەقەمەنی لە سنوورەکە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە زەحمەت بوو، دواجار بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە توانیان ئاگرەکە بکوژێننەوە.

ڕاشیگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 1600 دۆنم پووش و پاوان دارى سروشتى لەگەڵ 100 دۆنم ڕەزوباخی هاووڵاتیان سووتان.

پۆلیسی دارستان ئەوەشیخستەڕوو کە “هۆکاری ئاگرەکە نەزانراوە”.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئاگرێک لە سنووری گوندی قامیش کەوتەوە و ئەو کات پۆلیسی دارستان ڕایگەیاند کە 500 دۆنم پووش و پاوان و دارستان لەگەڵ 40 دۆنم ڕەز و باخی هاووڵاتییان سووتاون.

ئەمڕۆ پلەی گەرما دەگاتە 46 و سبەینێ بەرزتر دەبێتەوە
پێشت ئەمڕۆ پلەی گەرما دەگاتە 46 و سبەینێ بەرزتر دەبێتەوە
ئەمڕۆ پارێزگاری کەرکووک سوێندی یاسایی دەخوات
دواتر ئەمڕۆ پارێزگاری کەرکووک سوێندی یاسایی دەخوات
پەیوەندیدار