دوای دەرچوونی مەرسوومی سەرۆکایەتی، ئەمڕۆ پارێزگاری کەرکووک سوێندی یاسایی دەخوات.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێبوار تەها، سەردانی دادگای کەرکووک بکات و وەک پارێزگار سوێندی یاسایی بخوات. بڕیارە دواتر ڕێبوار تەها بچێتە باڵەخانەی پارێزگە و وەک 54ەمین پارێزگاری کەرکووک دەستبەکاربێت.
دوێنێ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، مەرسوومی سەرۆکایەتی بۆ دەستبەکاربوونی ڕێبوار تەها، وەک پارێزگاری کەرکووک دەکرد و بەوەش کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کە دەربارەی ئەگەری بوونی گرفتی یاسایی لە پرسی هەڵبژاردنیدا دروست ببوو.
شەوی شەممەی ڕابردوو، ئەنجومەنی پارێزگەی کەرکووک بە ئامادەبوونی پێنج ئەندامی یەکێتی، سیانی عەرەب و ئەندامێکی بابلییون، لە بەغدا کۆبووەوە و تێیدا ڕێبوار تەهای وەک پارێزگار هەڵبژارد.
کۆبوونەوەکە بە بێ ئامادەبوونی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەرەبەکانی سەر بە خەمیس خەنجەر و تورکمانەکان بەڕێوەچوو و دواتریش هەر سێ لایەنەکە کۆبوونەوەکەیان بە نایاسایی وەسفکرد.
بە هەڵبژاردنی ڕێبوار تەها، جارێکی دیکە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد گەڕایەوە کە لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتبووە دەست عەرەب.