زیاد جەبار: كەركوك چاكەی یەكێتی دایەوە و لە هەرێمیش حكومڕانی ڕاست دەكەینەوە



ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی هۆکاری سەرکەوتنی حزبەکەی لە کەرکوک دەگیڕێتەوە بۆ “هاوسۆزی و بەجێنەهێشتنی خەڵک لەلایەن حزبەکەیەوە لە دوای ڕیفراندۆمەوە”، بۆیە پێی وایە خەڵک چاکەی یەکێتی داوەتەوە، دەشڵێت: دڵنیایە خەڵک فورسەتێکی گەورەتر دەداتە یەکێتی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا و سەرکەوتنی گەورە بە دەستدەهێنن.

زیاد جەبار، ئەندامی سەرکردایەتی و بەرپرسی مەڵبەندی یەکی یەکێتی لە سلێمانی بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، ” سەرکەوتنی یەکێتی هۆکارەکەی ئەوەیە خەڵکی ناچە دابڕاوەکان تێگەشتن، کە یەکێتی لە ڕۆژە سەختەکاندا بەجێی نەهێشتوون، بە تایبەت کەرکوک، دووەم بەشێکی گەورەش پەیوەندی بە ناوخۆی یەکێتیەوە هەیە، کە یەکێتی بڕیاریدا بەیەکەوە بین لە کۆنگرەی پێنجەمەوە، بە یەک ئاڕاستە کاربکەین یەک سەرۆک و یەک سەرکردایەتی و یەک جێبەجێکردن هەبێت، ئەمەش لە کەرکوک ڕەنگی دایەوە.”

وتیشی، “ئێستا بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێم بەرنامەی وردمان داڕشتووە و گەشبینین بە خەڵک، چۆن لە دوای ئاشتبەتاڵی 75 لەو بێ هیواییە یەکێتی هیوای بەخشیەوە دڵنیاین جارێکی تر خەڵکی کوردستان فرسەتێکی تر دەداتەوە یەکێتی و یەکێتی ئەو هێزە هیوابەخشە دەبێت، کە جارێکی تر لە ژیان و گوزەرانی خەڵک بتوانێت ڕۆڵی کاریگەری هەبێت.”

شەوی 10 ی مانگی 8ی 2024، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کوتلەی بابلیۆن و سێ ئەندامی عەرەبی سوننە لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، بە بێ پارتی و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کۆبوونەوەو پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوکیان ڕاگەیاند.

لە کۆی 16 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، 9 ئەندامی ئەنجوومەنەکە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەی ئوتێل ڕەشیدی شاری بەغدا کرد و نیسابی یاساییان تەواو کرد. ڕێبوار تەها لە فراکسیۆنی یەکێتی بە پارێزگارو ئیبراهیم تەمیمی بە جێگری پارێزگار، هەروەها محەمەد ئیبراهیم حافز بە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا هەڵبژێردران.

وێرای ئەوەی لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر و دوای نزیکەی 7 ساڵ جارێکی تر کورد توانی پۆستی پارێزگار لەو شارە وەربگرێتەوە، بەڵام پارتی هەڵبژاردنەکە لە بەغدا بە بێ خۆیان و بەشێکی تر لە لایەنە سیاسیەکانی کەرکوک بە “نایاسایی” ناو دەبات.

ڕۆژی دوو شەممە 12ی مانگی ئاب، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، “ئێمە هەر دوای ڕاگەیاندنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک ئەو تێبینییەمان هەبوو، کە ئەنجامەکان دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دانیشتوانی کەرکوک نین، بەڵام لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کەرکوک و ڕەچاوکردنی دۆخی ئەو شارە و کۆی پڕۆسەی سیاسی چاوپۆشیمان کرد.”

دەشڵێت: “ڕۆژی 10ی ئاب لە هۆتێل ڕەشیدی بەغدا بۆ دانانی پارێزگار و حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بەبێی ئاگادارکردنەوەی هەموو لایەنەکان و لە غیابی نوێنەرانی تورکمان و بەشێک لە عەرەب و پارتی کراوە، یاسایی نیە و گرفتی هەیە و لە سەر ڕێگەیەکی دروست نیە.”

وا بڕیارە ڕۆژی لە ڕۆژی 20ی مانگی 10ی 2024 بەرێوەبچێت و وێڕای گرژی نێوان لایەنەکان بە تایبەت نیگەرانی پارتی لە دوای هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوکەوە، بەڵام یەکێتی دەڵێت چاوەڕێی سەرکەوتنی گەورەن و “ڕێڕەوی حوکمڕانی لە هەرێم ڕاستدەکەنەوە”.

زیاد جەبار دەڵێت: ” یەکێتی ئەم پەیامە دەداتە خەڵک، کە بۆ داهاتوو ڕێڕەوی حوکمڕانی ڕاستدەکاتەوە، دەبێت حکومەتێک بێتە کایەوە دامەزراوە یاساییەکان ڕێکبخرێتەوە لە خزمەتی خەڵکدا بێت و حکومەتێکی خزمەتگوزار بێت و باری دارایی خەڵک باش بێت، پەیوەندیەکان لەگەڵ ناوەند و درواسێکا ڕێکبخاتەوە”.

وتیشی، “پێگەی هەرێم و هەرێم بەرەو لاوازی ڕۆشتووە، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت پێگەکە لاوازتر دەبێت، ئەم کیانە خوێنی بۆ ڕژاوە، هەموو هەوڵێکمان داوە ئەم هەرێمە بمێنێتەوە، بۆیە دەمانەوێت هەڵبژاردن بکرێت و دیموکراسی لەسەر ڕێڕەوی خۆی بمێنیتەوە، هەڵبژاردنەکان پاک و بێت و دەنگی خەڵک پارێزراو بێت، بۆیە یاساکانیشمان گۆڕی تا دزی و فزی نەمێنێت”.

 

نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن هه‌ڵبژاردن سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌ڕێوەبچێت
پێت نێچیرڤان بارزانی: هه‌موو هه‌وڵێک ده‌ده‌ن هه‌ڵبژاردن سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌ڕێوەبچێت
تەیف سامی دەربارەی مووچە چی بە پەرلەمانتارە كوردەكان وتووە؟
دوات تەیف سامی دەربارەی مووچە چی بە پەرلەمانتارە كوردەكان وتووە؟
پەیوەنیدر