مەعروف مەجید – چالاکوانی ژینگەیی
ئەمە بەشێکی ئەو پرسیارانەن ڕۆژانە ئاڕاستەمان دەکرێن: بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوو لە هەڵکشانە؟ بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت؟ بۆچی هەوای شارەکان پیسن؟ بۆچی ناو بە ناو تەمێکی ڕەش شارەکانی هەرێم داگیر دەکات؟ بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی دیکەی تەنیوەتەوە؟ و چەندان پرسیاری دیکەش.
دەمەوێ بتانگەڕێنمەوە بۆ چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، چونکە ئەم ئامارانە هی ساڵی ٢٠١٨یە، تا بزانن چی کراوە بەرامبەر ئەم گەلە بەشمەینەتە و بزانن چۆن ڕۆژانە چەندین پاڵاوگەی نایاسایی کاریان کردووە و بوونەتە هۆکاری شێواندنی ژینگەکەمان؟
ئاخۆ دوای چەندین ساڵ لە سەرپێچی و شێواندنی ژینگە، ڕەوایە تازە بێن و موژدانە بە هاووڵاتییان بدەن بەوەی کە پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەن، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی یاسایی بەرامبەر خاوەنەکانیان بگیرێتەبەر؟
کێ بەرامبەر وێرانکردن و تێکدانی خاک و پیسکردنی هەوا و مەترسی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و فڕێدانی هەزاران تەن لە پاشماوەی ئەم پاڵاوگانە بەرپرسیارە؟ هاوڵاتییەکی بەشمەینەت چ تاوانێکی هەیە لەبەر خاتری بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێکی چاوچنۆک تووشی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشی دیکە ببێت؟
ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٨ پێمان دەڵێن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٤١ پاڵاوگە هەیە، بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین، نزیكەی ۱۰۰ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی ٤۰ پارچە زەویدا دابەشکراون، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگەوە مۆڵەتییان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی.
لە پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێیە، ئەمەش بە تەنیا سنووری ناوەندی شاری هەولێر ناگرێتەوە، بەڵكو هەریەکە لە سنوورەکانی قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش پاڵاوگەی نایاسایی زۆریان تێدایە، ژمارەیان زیاتر لە ۳۰۰ پاڵاوگە دەبێت.
دوای زیاد لە شەش ساڵ لەو بەروارە، ئەمڕۆ هەواڵی داخستنی ١٣٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاو دەبێتەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە ٨/٢/٢٠٢١ەوە دراوە، واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش!
ئایا هۆکاری جێبەجێنەکردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چییە؟ کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە؟ ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی دیکە داخراون یان هێشتا لە کاردان؟ ئەی چی دەربارەی پاڵاوگەکانی دیکەی سلێمانی و دهۆک؟ ئایا ئەوانیش داخراون یاخود هێشتا کار دەکەن؟
من دەمەوێ بپرسم، یاسای ژمارە هەشتی ژینگەی هەرێمی کوردستان تەنیا دەڵێت “پاڵاوگەکان دابخەن و بڕۆنە ماڵەوە”؟ یاخود دەڵێت؛ هەر کەسێک دەبێتە هۆی شێواندن و پیسکردنی ژینگە دەبێ سزا بدرێت؟ ئایا ئەگەر هاوڵاتییەکیش سەرپێچیی یان کارێکی نایاسایی بەرامبەر ژینگە ئەنجام بدات، بە هەمان شێوە لیژنەکانتان دەچنە سەری و پێی دەڵێن کاکە بڕۆ ماڵەوە و تەواو؟ یاخود بۆ کەمترین سەرپێچی زۆرترین گرفت و سزای یاسایی بۆ دروستدەکەن؟
من لێرەوە داوا لە دەستەی ژینگە دەکەم، چەندین ساڵە ئەو پاڵاوگانە نایاسایین بۆچی نایاندەن بە دادگا؟ هەر بۆیە پێشنیار دەکەم بە پێی یاسا سزایەکی باشی مادییان بدەن و پارەکەشی نەدەن بە حکومەت، بەڵکو ڕاستەوخۆ خۆتان بیکەنە ناو ئەو سندووقە ژینگەییەوە کە بۆتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە بۆ حکومەت و ناشیرینکردنی ژینگە لای هاووڵاتییان.
پێویستە هەمووان ئەوە بزانن کە ئەو پاڵاوگانە پێچەوانەی سەرجەم مادەکانی ۲۲،۲٥،۲٦،۲٨،۲۹،۳۱، لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگەی ژمارە ٨ی ساڵی ۲۰۰٨ی هەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی مادەی ٤١، ٤٢، ٤٣ی ئەو یاسایە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان سزاکان دەیانگرێتەوە، کە لە ۱۰ ملیۆن دینارەوە دەستپێدەکات تا ۲۰۰ ملیۆن دینار، لەگەڵ سزای زیندانییکردنیشدا.
هەر بۆ زانیاریتان، بە پێی ئەم ئامارە کە هی ساڵی ۲۰۱٨یە، ساڵانە بە بەهای ۱٥ ملیار دینار فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی خراپەوە لە هەرسێ پارێزگاكە تێکدەچن.
کێشەکە لەوەدایە، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگینا ئەگەر ڕاستدەکەن فەرموون بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان، با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوون و بە بڕە پارەیەکی باش سزایان بدەن.