بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی نوێترین زانیاری دەربارەی پارەی گەنمی جوتیاران دەخاتەڕوو



بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنیت لە کۆی 465 ملیار دینار، تا ئێستا 77 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیاران خەرجکراوە و چاوەڕێی وەزارەتی بازرگانی عێراق دەکەن پارەیان بۆ ڕەوانە بکات.

ئەمڕۆ سێشەممە، نەوزاد شیخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ڕایگەیاند، پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 465 ملیار دینارە، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە 77 ملیاری وەرگیراوە.

هۆکاری دواکەوتنی شایستە داراییەکانیشی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی سەرەتا وەزارەتی بازرگانی عێراق پارەی بۆ وەرگرتنی پێنج ملیۆن تۆن گەنم تەرخانکردبوو، بەڵام دواتر لەسەر بڕیاری حکومەتی عێراق بڕیاردرا بڕەکەی زیاد بکرێت و شەش ملیۆن و 300 هەزار تۆن وەربگیرێت.

ئەوەشی خستەڕوو کە وەزارەتی بازرگانی داوای تەرخانکردنی پارەی گەنمە زیادکراوەکەی لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە و ڕەزامەندیشی لەسەردراوە، هەر کاتێک پارەکە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی بازرگانی هەرێم دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل ڕوونیشیکردەوە کە جگە لە هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی شایستەی دارایی لە کەرکووک و موسڵ و ئەو ناوچانەی ناوەڕاستی عێراق دواکەوتووە کە وەرگرتنی گەنم تێیاندا بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە درەنگتر وەرگیرا.

وتیشی، ئومێدەوارین لە ئایندەیەکی نزیکدا شایستە داراییەکە بگات و دەست بە دابەشکردنی بکەن.

تەیف سامی کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ئاشکرا کرد
پێشت تەیف سامی کاتی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی ئاشکرا کرد
هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی لیژنەی بەڕاد و ئۆتۆمبێلی لێدراو ڕوونکردنەوە دەدات
دواتر هاتووچۆی سلێمانی دەربارەی لیژنەی بەڕاد و ئۆتۆمبێلی لێدراو ڕوونکردنەوە دەدات
پەیوەندیدار