” دۆلار بازاڕی وەستاندووە”





ئەمڕۆ جارێكی دیكە بەهای دۆلار بەرز بووەوە بە جۆرێك 100 دۆلار بە 157 هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەكرێت.

بەبڕوای خاوەنی یەكێك لە نوسینگەكانی دراو لە سلێمانی، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بازاڕی وەستاندووە.

كامەران عەلی، لە نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراوی یۆرۆ لە سلێمانی بە (خەڵك) ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخی دۆلار بەرزبووە و 100 دۆلار گەیشتە 157 هەزار دینار، ئەوەش بازاڕی دۆلاری وەستاندووە .

لەبارەی هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارەوە كامەران عەلی دەڵێت، هۆكارەكە سیاسییە پەیوەندی بەو ئابڵوقەیەی ئەمریكاوە هەیە كە خستوویەتییە سەر هەندێك بانك و پارەكانی سڕكردوون، كە نزیكەی 15 بانكن و پارەیان سپیكردوەتەوەوە و ناردوویانەتە دەرەرەوەی عێراق.

دەشڵێت یەكێكی دیكە لە هۆكارەكان، بانكی ناوەندییە كە بڕیاریداوە ئەمڕۆ پارە بۆ حەواڵە تەرخان نەكات.

لە كۆتایی ساڵی 2022 دا نرخی دۆلار ناجێگیر بوو، بەردەوام نرخەكەی لە هەڵكشاندا بوو بەجۆرێك لە ماوەی دوو هەفتەدا نرخی 100 دۆلار لە 148 هەزار دینارەوە بۆ 160 هەزار دینار بەزبووە وە، دواتر نرخەكەی بۆ 151 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ جارێكی دیكە نرخەكەی بەرزبووەوە.

بەگوێرەی خشتەی دەروازەی فرۆشتنی دراوی بانکی ناوەندی، رۆژی پێنجشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2023، ئەو بانکە هیچ بڕە پارەیەک بەمەبەستی حەواڵەی دەرەکی بۆ کاری بازرگانی ناخاتە بازاڕەوە و تەنها بۆ فرۆشتنی نەختینەیی دۆلار دەخاتەڕوو کە بڕەکەی 43 ملیۆن و500 هەزار دۆلارە، کە ئەوە یەکەمجارە لە دوای زیاتر لە ساڵێک ئەو بڕە کەمەی دۆلار بخاتەڕوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەو بڕە دۆلارەى بانکى ناوەندى بەمەبەستى حەواڵەى دەرەکى دەیخاتەڕوو کاریگەریى سەرەکى لەسەر بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار هەیە.
شەپۆلی چڕی بەفرو باران دەستپێدەكات
پێت شەپۆلی چڕی بەفرو باران دەستپێدەكات
دوات بانكی ناوەندی بڕیاری نوێی بۆ دراوی بیانی دەركرد
پەیوەنیدر