ئێران هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان لە تۆڵەی ئیسڕائیل ڕەتدەكاتەوە



بەرپرسێکی سەربازی لە فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە، کە میدیای ڕۆژئاوایی بڵاویانكردۆتەوە سەبارەت بە نیازی تاران بۆ دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئەو ئامانجانەی، کە پێیان وایە ئیسرائیلین لە ناوچەی هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق.

ئەو سەرچاوە سەربازییە، کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بۆ (بغداد الیوم) ڕایگەیاندووە، ئەوەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی هەینی ڕابردوو بڵاویکردەوە، كە گوایە “سوپای پاسداران بەرەو هێرشی مووشەکی بۆ سەر تەلئەبیب پاڵدەنێت، بەڵام مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران پێشنیاری کرد، کە ئەو ناوەندانە بکرێتە ئامانج کە پەیوەندییان بە ئیسڕائیلەوە هەیە لە کۆماری ئازەربایجان یان کوردستانی عێراق و ئاگادارکردنەوەی ئەو وڵاتانە پێش هێرشەکە” هەموو ئەو زانیارییانە ناڕاستن.

ئاماژەی بەوەشکرد، “تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس (ئیسماعیل هانیە)، بەشێوەیەکی دوور لە عێراق (هەرێمی کوردستان) یان کۆماری ئازەربایجان، کە دراوسێی ئێرانە ئەنجامدراوە”.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، میدیای فەرمی ئازەربایجان، ئەمڕۆ دوو شەممە (12ی ئابی 2024)، بوونی هێزی بیانی لە کۆماری ئازەربایجان ڕەتکردەوە.

ئاژانسی (ئابا) لە کۆماری ئازەربایجان بەیاننامەیەکی لە کاردانەوەی بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە بوونی ئەندامانی سوپای ڕژێمی ئیسرائیل لەو وڵاتە و جۆرجیا بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی کردەوە کە “هیچ ڕاستییەک لەم ڕاپۆرتانەدا نییە و بەهیچ شێوەیەك سەربازی بیانی لە خاکی کۆماری ئازەربایجاندا بوونی نییە”.

لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: تۆڕی “ئێران ئینتەرناشناڵ”، ڕۆژنامەی “تەلەگراف” و دەزگای ڕاگەیاندنی “کان” هەوڵی ساختەکردنی ئەو زانیاریانەیان داوە، کە لەگەڵ پێوەرە ڕۆژنامەوانییە نێودەوڵەتییەکان ناگونجێت.

دەزگای ڕاگەیاندنی کۆماری ئازەربایجان لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند، هیچ هێزێکی سەربازیی سەر بە وڵاتێکی بیانی لەسەر خاکی ئازەربایجان نییە و ئێمە بە توندی ئیدانەی دەستکاریکردنی زانیاری لەسەر بنەمای زانیاری ناڕاست لەم بارەوە دەکەین و ئەم زانیارییە بڵاوکرایەوە بە ئامانجی چەواشەکردنی ڕای گشتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە.

دوێنێ یەک شەممە (١١ی ئابی ٢٠٢٤)، ڕۆژنامەی (ئیندیپێندنت)ی بەریتانی، بوونی “ناکۆکی گەورە”ی لە نێوان مەسعود پزیشكیان، سەرۆک کۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران و سوپای پاسدارانی ئێران ئاشكرا کرد، سەبارەت بە باشترین ڕێگا بۆ وەڵامدانەوەی تیرۆركردنی ئیسماعیل هەنیە، بەڕێوەبەری مەکتەبی سیاسی حەماس لە تاران لەلایەن ئیسڕائیل-ەوە لە هەفتەی ڕابردوودا.

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرکردەکانی سوپای پاسدارانی ئێران دەیانەوێت هێرشێکی سەربازی فراوان و ڕاستەوخۆ بۆ سەر بنکە سەربازیی و شارەکانی ئیسرائیل ئەنجام بدەن، لەکاتێکدا سەرۆک کۆماری نوێی ئێران پێی باشترە کە “بنکە نهێنییەکان”ی موسادی ئیسرائیل لە ناوچەکە و بەتایبەت عێراق بكاتە ئامانج.

ئەو ڕوونیشی کردەوە کە “سەرۆکی ئێران کە بە میانڕەو وەسف دەكرێت، پێی وایە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ بۆ ئیسرائیل، ئێران دەکێشێتە ناو شەڕێکی ئاشکراوە، کە حکومەتی ئێران نایەوێت بەشداری تێدا بکات، بۆیە دەكرێت بنکە نهێنییەکانی لە ناوچەکەدا بكرێنە ئامانج، بەوەش ئێران بتوانێت بە شێوەیەکی ئازاربەخش وەڵامی ئیسرائیل بداتەوە بەبێ ئەوەی بیکێشێتە ناو شەڕەوە، بەڵام سەرکردەکانی سوپای پاسداران ئەمە ڕەتدەکەنەوە”.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “سوپای پاسدارانی ئێران پێی وایە ئەو تیرۆرەی لە تاران ڕوویداوە و هەنیە-شی کردە ئامانج، سوکایەتییە بە سەروەری ئێران و پێویستی بە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ و بەرفراوان هەیە بۆ ئیسرائیل”.

ئەمە لەكاتێكدایە، کە حکومەتی ئێران سوێندی خوارد کە وەڵامی ڕاستەوخۆ و کاریگەرانە بداتەوە بە تیرۆرکردنی هەنیە، ئەمەش نیگەرانی سەرکردەکانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، کە شەڕێکی ئاشکرای نێوان ئێران و ئیسرائیلی لێدەکەوێتەوە.

دەستەی دەستپاکی هەرێم: نابێت هیچ پاڵێوراوێک لەسەر گەندەڵی زیندانی کرابێت
پێت دەستەی دەستپاکی هەرێم: نابێت هیچ پاڵێوراوێک لەسەر گەندەڵی زیندانی کرابێت
بەرهەمهێنانی خوێ لە ئاوی کانیاو لە گوندێکی ناحیەی سەنگاو
دوات بەرهەمهێنانی خوێ لە ئاوی کانیاو لە گوندێکی ناحیەی سەنگاو
پەیوەندیدار