پزیشکیان بە هۆی دەستخەڕۆکردنی کورد، ڕووبەڕووی ڕەخنە دەبێتەوە



بە هۆی پشتگوێخستنی کورد لە پێکهاتەی حکومەتەکەیدا، پەرلەمانتارانی کورد ڕەخنە لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرن.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران پێکهاتەی کابینەی حکومەتەکەی ئاشکرا کرد، بێ ئەوەی هیچ کەسایەتییەکی کورد لەخۆبگرێت.

محەمەد قاسم عوسمانی، نوێنەری بۆکان لە ئەنجومەنی شورای ئێران ڕەخنەی لە سەرۆکی ئێران گرت و ڕایگەیاند، لە کابینەی حکومەتی پزیشکیاندا شوێن بۆ هەموو نەیاران هەبوو، بەڵام یەک کورسی بۆ فرەیی کورد و ئەهلی سوننەت نەبوو کە هێنایانە سەر کورسی دەسەڵات.

ئەو پەرلەمانتارە کوردە وتیشی، بەداخەوە، خۆزگە بمردمایە و ئەو ڕۆژە شەرمەزارییەم نەبینیایە.

لایخۆشیەوە موحسین بیگلاری نوێنەری سەققز لە پەرلەمانی ئێران ڕەخنەی لە سەرۆکی ئێران گرت و ئەوەی بە بیرهێنایەوە کە “هاووڵاتییانی کورد و سوننە بە هەزاران هیوا و خەونەوە دەنگیان پێداویت”.

وتیشی: “سەرەڕای بەڵێنەکەت هیچ هەواڵێک لەبارەی پشکی کورد و پشکی سوننە لە لیستی کابینەدا نەبوو”.

لە لایەکی دیکەشەوە جەلال مەحمودزادە، نوێنەری پێشووی مەهاباد لە پەرلەمانی ئێران کە لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا پشتوانی لە پزیشکیان دەکرد، دەربارەی بێ بەشکردنی کورد لە کابینەی حکومەتدا پەیامێکی ڕەخنەی ئاراستەی سەرۆکی ئێران کرد.

مەحمودزادە بە پزیشکیان دەڵێت، لە کاتی بانگەشەکانی سەرۆکایەتیدا، چەندین جار بەڵێنتان بە نەتەوە و ئایینەکانی وڵاتدا، تۆ کە لەگەڵ کورد و سوننە گەورە بوویت، بەڵام ئامادە نەبوویت کورسییەکیان بۆ تەرخان بکەیت لە حکومەتدا.

جێی ئاماژەیە مەسعود پزیشکیان لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەگەڕا و لە ڕێی بە کوردی قسەکردن و وەبیرهێنانەوەی ئەوەی کە لە مەهاباد لەدایکبووە، سۆزی دەنگدەرانی کوردی بۆ خۆی ڕاکێشا و بەڵێنی ئەوەشی پێدابوون کە جیاکاری نەتەوەیی ناکات.

زۆر کەس لەو بروایەدابوون کە پزیشکیان بە ڕەچەڵەک کوردە، تا ئەو کاتەی خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا وتی: “بە شانازییەوە تورکم”.

تۆ کارمەندە دڵسۆزەکەی؟
پێت تۆ کارمەندە دڵسۆزەکەی؟
باندێکی دزیکردن لە سیتەک دەستگیر کران
دوات باندێکی دزیکردن لە سیتەک دەستگیر کران
پەیوەندیدار