زێڕنگەرێك ئاشكرای دەكات، كە دۆخی جیهانی نرخی زێڕ ڕووی لە بەرزبوونەوەیە و دەشڵێت: ئێستا خەڵك زێڕی كەم بۆ هاوسەرگیری دەكات.
دانا وەرتی، خاوەنی زیِڕنگەری ئازوورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا و پێش ئەوەی نرخی یەك مسقاڵ زێڕ بگاتە 300 بۆ 350 هەزار دینار، تازە هاوسەرەكان زیاتر لە 25 مسقاڵ تا 40 مسقاڵ زێڕیان دەكڕی، بەڵام ئێستا، كە نرخەكەی گەیشتۆتە سەرووی 400 بۆ 500 هەزار دینار، خەڵك زێڕی كەمتر دەكڕێت و نزیكەی 10 مسقاڵ دەكڕێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر بە نرخی ئەمڕۆ زاوایەك 10 مسقاڵ زێڕ بكرێت بۆ دەستگیرانەكەی، ئەوا نرخەكەی دەكاتە نزیكەی 5.5 بۆ 6 ملیۆن دینار.
ئاماژەی بەوەشكرد، دۆخی ئابووری جیهانی و شەڕی بەردەوامی وڵاتان كاریگەری كردۆتە سەر زێڕ و دراوەكان و نرخی بەرزكردۆتەوە.
وتیشی، “ئەمڕۆ یەك شەممە نرخی یەك ئۆنسە بە 2 هەزار و 430 دۆلارە و بەهۆیەوە نرخی یەك مسقاڵ زێڕی عەیار 24 بە 588 هەزار دینارە و عەیاری 21 بە 515 هەزار و عەیاری 18 بە 440 هەزار دینارە”.