سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای كۆبوونەوەكانی لە بەغدا و ڕێككەوتنی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك و بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار بۆ كاندیدێكی حزبەكەی، گەڕایەوە سلێمانی و ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە مێژووییە سەرکەوتنی ئیرادەی کەرکوکییەکان بوو.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی یەكێتی بڵاویكردەوە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشوازییان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد دوای “ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کورد و یەکێتی لە وەرگرتنەوەی پارێزگاری کەرکوک بەدەستیانهێنا”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرباری ململانێ و بەربەستەکانی ماوەی ڕابردوو، توانی بە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی ئەم پرسە نیشتمانییە لە بەرژەوەندیی کورد، تەبایی و پێکەوەژیانی کەرکوک کۆتایی پێبهێنێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە مێژووییە سەرکەوتنی ئیرادەی کەرکوکییەکان بوو و ئیدارەی نوێی پارێزگاکەش بێگومان ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ئەوان دەبێت.
وتیشی، “یەکێتی درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات، دوور لە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، خزمەتی هەموولایەک دەکات و هەوڵەکانی لەپێناو خزمەتی گشتی و یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنەکاندا دەبێت”.