بەرپرسێكی باڵای هەرێم هۆكاری دواكەوتنی مووچە ئاشكرادەكات



بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی 7ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و نەناردنی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانە.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە (دەنگی ئەمریکا)ی ڕاگەیاند، “لیستی مووچەی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان مانگانە درەنگ ئامادە دەکرێت، ئەمە جگە لەوەی گۆڕانکاری لە لیستەکاندا دەکرێت و ژمارەی هێزەکان زیاد و کەم دەکرێت.”

لەکاتێکدا 10 ڕۆژ بەسەر مانگی 8ی ساڵی 2024 دا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا حکومەتی عێراق مووچەی مانگی تەمموز (7)ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەناردووە و هێشتا دیار نییە کەی پارەی مووچە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.

بەرپرسە باڵاکەی حکومەتی هەرێم وتی، “جارێک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا داوایکرد، هەموو مانگێک تا 10 ی مانگ لیستی مووچە ئامادە بکرێت و ڕەوانەی بەغدا بکرێت، چاوەڕێی هیچ فەرمانگەیەک نەکرێت گەر لیستەکەی ئامادە نەبوو، کەچی لیستەکان هەر درەنگ ئامادە دەکرێن.”

عێراق چەند مانگێک لەمەوبەر داوای ناو و تەواوی زانیارییەکانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کرد، بەڵام حکومەتی هەرێم ئەوکات لەبەر “ئاسایشی نەتەوەیی” ئامادە نەبوو ناوەکان ڕادەستی حکومەتی عێراق بکات و ڕایگەیاند، تەنها کۆدی ناسنامەی بایۆمەتری دەنێرێت.

حکومەتی عێراق دەڵێت: مەرجەکانی بۆ حکومەتی هەرێم بەشێکن لە بڕیاری دادگای فیدراڵی لە ڕۆژی 21 ی دووی 2024، کە تێیدا بڕیاریدا بە جێگیرکردن یان “تەوتینکردنی” مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.

لەلایەکی تریشەوە سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە بارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وتی، “حکومەتی عێراق لەسەر داوای سەرۆک وەزیران مووچەی مانگەکانی پێنج و شەشی بۆ هەرێم نارد بەو مەرجەی وردبینی بکرێت و تێبینییەکان چاک بکرێت. چاودێری دارایی وردبینی کرد و تێبینییەکان درایە هەردوولا، لیستەکان برایە وەزارەتی دارایی عێراق و جارێکی تر وردبینی کراوە بۆ چاککردنەوەی تێبینییەکان.”

دەشڵێت: “هۆکارێکی تری دواکەوتنی مووچە مەسەلەی خانەنیشینانە، کە لیستی مانگی حەوت بە هاوتاکراوی یاسایی خانەنیشینی یەکگرتووی ساڵی 2014 ی عێراق نێردراوە.”

پێشتر هۆکاری نەناردنی مووچەی مانگی حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ کێشەی کەمی پارەی نەختینە گێڕدرایەوە، بەڵام بەرپرسانی عێراق ڕەتیانکردەوە، کێشەی کەمی پارەی نەختینەیان هەبێت.

 

بەرەی تورکمان هۆشداری دا
پێشت بەرەی تورکمان هۆشداری دا
سەڵاحەدین بەهادین: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافخوازانی جیهان سەری خەجاڵەتیان شۆڕ کردەوە
دواتر سەڵاحەدین بەهادین: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و مافخوازانی جیهان سەری خەجاڵەتیان شۆڕ کردەوە
پەیوەندیدار