ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، كۆبوونەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكە، ئەندامێكی یەكێتی وردەكاری ڕێككەوتنەكە ئاشكرادەكات و دەڵێت: پارێزگار بۆ كوردە و یەكێتی دەبێت.
شێرزاد سەمەد، ئەندامی یەكێتی وردەکاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدای پایتەخت ئاشکرا دەكات و بۆ (بغداد الیوم) دەڵێت: تا ئێستا ڕێککەوتنێک هەیە بۆ خولانەوەی پۆستی پارێزگار لە نێوان کورد و عەرەبدا، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان و سەرکردەکانی فراكسیۆنەكان پێش دانیشتنی ئەنجوومەن ئەنجام دەدرێت.
وتیشی، “لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هێزە سیاسییەکان، پۆستەکان ڕوونتر دەبنەوە، بە ئەگەرێکی زۆریشەوە ڕێککەوتنەکەش ئەوە دەبێت، کە لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمدا کورد پۆستی پارێزگار وەربگرێت و عەرەب پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن وەربگرێت، هەروەها تورکمانەکان پۆستی جێگری یەکەمی پارێزگار وەردەگرن، پۆستی جێگری دووەمیش دەدرێت بە پارتی”.
لای خۆشیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەمڕۆ شەممە، ئەو ئەندامانەی ئاشکرا کرد، کە ئامادەی دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا دەبن و دووپاتی دەکاتەوە، کە ژمارەیان تا ئێستا 9 کەسە.
ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك لە 16 ئەندام پێكهاتووە و ڕۆژی 11ی تەمموزی ڕابردوو كۆبوونەوە و ماوەی یەك مانگیان لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی و هەڵبژاردنی پارێزگار، بەجۆرێك لەو 16 ئەندامە، یەکێتی 5 كورسی هەیە و پارتی 2 كورسی و فراكسیۆنی عەرەبی بە نوێنەرایەتی حزبەکانی سیادە و قیادە و هاوپەیمانی عەرەبی، هەروەها بەرەی تورکمانی 2 كورسی و ئەندامێکی مەسیحی لە کۆتا کورسییەکان.
سەرچاوەکە ئاشكرای كردووە، “ئەوەی تا ئێستا ئامادەیە بۆ كۆبوونەوەكە فراكسیۆنی یەكێتی 5 كەس و بابلیۆن 1 كەس و هاوپەیمانی قیادە بە سەرۆکایەتی محەمەد تەمیم 2 كەس و هاوپەیمانی عروبە بە سەرۆکایەتی وەسفی عاصی 1 كەس”.
وتیشی، “بەپێی ڕێککەوتنەکە ڕێبوار تەها پۆستی پارێزگار وەک کاندیدی یەکێتی نیشتمانی وەردەگرێت، هەروەها ئەحمەد حەمدانی یان محەمەد حەفیز وەک کاندیدی قیادە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگا”.
بەپێی زانیارییەكان، فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و بەشێكی هاوپەیمانی عروبە بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەن، کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەبچێت و بەوەش (7 ئەندام بەشداری ناكە و 9 ئەندام بەشداری دەكەن) و بەپێی وتەی میدیا عێراقییەكان، نووسینگەی سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی لە هەوڵی ڕازی كردنی سەرجەم فراكسیۆنەكاندایە بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەكەدا.
لای خۆشیەوە، شۆخان شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراكسیۆنی پارتی وتوویەتی، “بەپێی سیستەم، دەبێت پێشوەختە بۆ هەر کۆبوونەوەیەک لە لایەن سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنەکەوە ئاگەدار بکرێینەوە. دەبوو ئاگەدارمان بکاتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەیە، بەڵام ئەو تەنیا چەند لایەنێکی ئاگەدار کردووەتەوە”.
وتیشی: “بەپێی پەیڕەو بێت ئێمە ئاگەدار بکرێینەوە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، بەڵام هیچ ئاگەدارکردنەوەیەک نەهاتووە بۆ هیچ ئەندامێکمان، ئێمە بەشداریی ئەو دانیشتنە نابین”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پارێزگای کەرکوک تاکە پارێزگایە لەسەر ئاستی عێراق، كە دوای نزیكەی 8 مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 18ی 12ی 2023ەوە تا ئێستا حكومەتی خۆجێیی پێكنەهێناوە و نەبۆتە خاوەنی پارێزگاری هەڵبژێردراو و سەرۆكایەتی ئەنجوومەن.