وەزیری دارایی عێراق، كە جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ژنانە ڕایدەگەیەنێت، توندوتیژی دژی ژنان تەحەدایەکی گەورەیە کە پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
تەیف سامی، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ژنان، لە میانی وتارەکەیدا لە ڕۆژی ئیسلامی بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان ڕایگەیاند، توندوتیژی دژی ژنان تەحەدایەکی گەورەیە، کە پێویستی بە هاوکاریی هەموو لایەک هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی و ستراتیژەکان لە عێراقدا دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و پێدانی مافەکانیان بێت.
ڕاشیگەیاند، بەرنامەی حکومەت بڕگەیەکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و بەهێزکردنی ژنان و ڕەخساندنی دەرفەت بۆیان لەخۆگرتبوو، هاوكات حکومەت کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی ژنان، دیارترینیان پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری ژنانە.
جەختیشی كردۆتەوە، حکومەتی عێراقی ستراتیژی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراقی دەستپێکرد، کە کۆمەڵێک ئامانجی لەخۆگرتبوو، کە پارێزگاری لە ژنان دەکەن و دەستپێشخەریی تیمی نیشتمانی بۆ ژنانی عێراقی دەستپێکردووە، کە خولی ڕاهێنان لەخۆدەگرێت.
ئەم پەیامەی تەیف سامی، بە پەیامێكی جیاواز لە پەیامەكانی پێشوووی دادەنرێت، كە زیاتر قسەكردنە لەسەر بواری دارایی و بودجە و مووچە و ڕێوشوێنە داراییەكانی وڵات و هەژماری بانكی مووچەخۆران و خانەنشینان.
بەتایبەتیش دوای ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خرایە سەر بەغدا و ئێستا بە واژۆی ئەو ژنە مووچە بۆ هەرێم خەرج دەكرێت.