فراکسیۆنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عروبە بەشداری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ناکەن، کە بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا بەڕێوەبچێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر داوای محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە هۆتێل ڕەشید لە بەغدا، كۆبوونەوەی سەرجەم فراكسیۆنەكانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام دەدرێت سەبارەت بە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ دابەشكردنی پۆستەكان و پێكهێنانی حكومەتی خۆجێیی پارێزگاكە.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی پارتی، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لە فراكسیۆنی ئەو حزبە، كە پێكهاتوون لە دوو ئەندام ڕایانگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی بە فەرمی ئاگادارنەكراونەتەوە و تەنها لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (وەتس ئەپ)ەوە باسی كۆبوونەوەكە كراوە، بۆیە بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە ناكەن.
حەسەن مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، بە میدیای حیزبەکەی ڕاگەیاند، “ئێمە نە بە شێوەی یاسایی و نە بە شێوەی فەرمی، ئاگادار نەکراوینەتەوە لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، جا چ لەنێو باڵاخانەی ئەنجوومەن، چ لە دەرەوەی باڵاخانەكە”.
شۆخان شوانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، وتوویەتی، “بەپێی سیستەم، دەبێت پێشوەختە بۆ هەر کۆبوونەوەیەک لە لایەن سەرۆکی کاتیی ئەنجوومەنەکەوە ئاگەدار بکرێینەوە. دەبوو ئاگەدارمان بکاتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان هەیە، بەڵام ئەو تەنیا چەند لایەنێکی ئاگەدار کردووەتەوە”.
وتیشی: “بەپێی پەیڕەو بێت ئێمە ئاگەدار بکرێینەوە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەن بە وەکالەت، بەڵام هیچ ئاگەدارکردنەوەیەک نەهاتووە بۆ هیچ ئەندامێکمان، ئێمە بەشداریی ئەو دانیشتنە نابین”.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگا لە بەغدا، کۆبوونەوە و دانوستانەکان بە شێوەیەکی نهێنی لەلایەن لایەنەکان و نووسینگەی سودانی دەستیان پێکردووە بۆ ڕازی كردنی ئامادەبوونی هەر 16 ئەندامەکەی ئەنجوومەن.