لە هەر ١٠ کەسێک لە غەززە نۆ کەسیان ئاوارە و دەربەدەر بوون



لە ئاکامی ئەو هێرشانەی سوپای ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا دەیانکاتە سەر کەرتی غەززە، لە هەر ١٠ کەسێک لە غەززە نۆ کەسیان ئاوارە و دەربەدەر بوون و تائێستاش ٢٠٥ کەس لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان گیانیان لەدەستداوە.

 

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)، لە راگەیەنراوێکیدا باسی لەوە کرد کە بەردەوامی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانی مەدەنی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ و زیانگەیاندن بە ژێرخانی ناوچەکەی لێکەوتووەتەوە.

 

لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لە هەر ١٠ کەسێک لە غەززە نۆ کەسیان ئاوارە و دەربەدەر بوون و  هەندێک کەس زیاد لە جارێک و تەنانەت ١٠ جار ئاوارە بوون.

 

هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە؛ بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززەدا ٩٠ نەخۆشخانە و ناوەندی تەندروستیی پەکیان کەوتووە، لەبەرئەوە سیستمی تەندروستیی لە دۆخێکی زۆر سەختدایە، بەو هۆیەشەوە لە ١٠ ناوەندی تەندروستیی سەر بە UNRWA و ١٠٠ خاڵی پزیشکی گەڕۆکەوە خزمەتگوزاری تەندروستیی پێشکەش دەکرێت.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو؛ لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، لە کەرتی غەززە کە ئیسرائیل بەردەوام هێرشی دەکاتە سەر، تا ئێستا ٢٠٥ کارمەندی UNRWA کوژراون.

 

لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە و تا ئێستا دەیکاتە سەر کەرتی غەززە ٣٩ هەزار و ٦٩٩ کەس کە لانی کەم ١٦ هەزار و ٣١٤یان منداڵ و ١٠ هەزار و ٩٨٠یان ژنن گیانیان لەدەستداوە و، ٩١ هەزار و ٧٢٢ کەسیش برینداربوون.

 

لە کاتێکدا هێشتا هەزاران تەرم لە ژێر باڵەخانە ڕووخاوەکانی کەرتی غەززەدان، ئیسرائیل بە کردنە ئامانجی نەخۆشخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان ژێرخانی مەدەنی لەناو دەبات.

پارتی دەربارەی كەركوك دواهەڵوێستی ڕاگەیاند
پێت پارتی دەربارەی كەركوك دواهەڵوێستی ڕاگەیاند
” لە  ١٠ ڕۆژدا ئیسرائیل،١٣ ناوەندی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج”
دوات ” لە  ١٠ ڕۆژدا ئیسرائیل،١٣ ناوەندی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج”
پەیوەندیدار