سبەی وادەکەی سوودانی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی لە کەرکووک کۆتایی دێت



ڕۆژی ١٨ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق ئەنجام درا، پڕۆسەکە دوای ١٠ ساڵ لە عێراق و ١٨ ساڵ لە پارێزگای کەرکووک ئەنجامدرا.

 

ئەنجامی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بەشێوەیەکە کە ھیچ پێکھاتەیەک ناتوانێت بەتەنھا حکوومەتی خۆجێی پێکبھێنێت.

 

لە ١١ی تەمموزی ٢٠٢٤، یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی ھەر ١٦ ئەندامە ھەڵبژێردراوەکەی بەڕێوە چوو كە تیایدا ڕاکان جبووری وەک بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەکە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی کرد.

 

ئەو ١٦ کورسییەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بریتیین لە پێنج کورسی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوو کورسی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ کورسی بۆ ھاوپەیمانی عەرەبی کەرکووک، دوو کورسی بۆ لیستی قیادە، یەک کورسی بۆ ھاوپەیمانی عروبە، ھاوکات دوو کورسی بۆ بەرەی تورکمانیی و یەک کورسی کۆتاش بۆ کریستیانەکانە.

 

لە ماوەکانی ڕابردوودا سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی بە جیا لەگەل ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە پێکھاتەکانی کورد، عەرەب و تورکمان کۆبوووە، لە کۆبوونەوەکاندا، سوودانی داوای لە لایەنەکان لە کەرکووک کردبوو کە تا ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە، لەبارەی ھەڵبژاردنی پارێزگار و پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان لە کەرکووک لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و ھەڵبژاردنی پارێزگار ناکۆکن و نەگەیشتوون بەڕێککەوتن.

 

لە کۆبوونەوەکاندا، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی کردبووە وە لەگرنگی تەواوکردنی پێکھێنانی حکوومەتی خۆجێیی و کۆدەنگی نێوان نوێنەرانی پێکھاتە برایەتییەکانی پارێزگاکە و ڕایگەیاندبوو: “نابێت ھیچ پێکھاتەیەک لە کەرکووک لە مافی بڕیاردان بێ بەش بکرێت”.

 

ھاوکات ڕۆژی ٤ی ئەم مانگە، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، حەسەن شێخانی ڕایگەیاندبوو؛ کۆبوونەوەیان  لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامداوە.

 

حەسەن شێخانی بۆ میدیای حزبەکەی ئاشکرایکردبوو؛ کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، ئەنجامێکی زۆر باشی ھەبووە و سوودانی داواکاری ئەوانی لەبارەی دروستکردنی حکوومەتێکی خۆجێیی لە کەرکووک بە بەشداری ھەموو لایەنە براوەکان و پێکھاتەکان وەرگرتووە.

 

باسی لەوەش کردبوو؛ لە کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی ئەوەیان کردووە، حکوومەتێک بێت دەنگ و ڕەنگی ھەمووان بێت و خزمەتی شارەکە بکات و ئەو جیاوازییەی ھەیە نەمینێت و ھاوسەنگی دروست بکرێت، بۆ پارێزگاریش ئومێدی خواستووە بتوانن پێش وادەی یاسایی ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە.

 

ھەروەھا حەسەن شێخانی ڕایگەیاندبوو؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق تەئکیدی لەوە کردووەتەوە کە پێویستە ھەموو لایەک ھەوڵ بدەن پێش ١١ی ئاب بگەنە ڕێککەوتن و حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک پێکبھێندرێت.

ھاوکات یەکێتی نیشتمانیی کوردستان وەرگرتنی پۆستی پارێزگار بە مافی خۆی دەزانێت، بەو پێیەی لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە کۆی ١٦ کورسی ئەنجوومەنەکە، پێنج کورسی بەدەستھێناوە.

 

پێشتر سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەرشەد ساڵحی ڕایگەیاندبوو؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک لایەنی سیاسی عەرەبی بەئەرێنییەوە سەیری پێشنیازی تورکمان دەکەن سەبارەت بە دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکھاتەکاندا.

 

ئەرشەد ساڵحی، ئاماژەی بەوەدابوو؛ ھیچ نموونەیەکی کارگێڕیی ناتوانێت سەقامگیری لە کەرکووک دەستەبەر بکات، جگە لە نموونەی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگار و ھۆشداری دا لەوەی ئەگەر تورکمانەکان لە ئیدارەی پارێزگاکە دوور بخرێنەوە، ئەوە بێدەنگ نابن.

 

لای خۆیەوە سەرکردە لە بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، عەزام حەمدانی ڕایگەیاندووە کە پێکھاتەی عەرەبی لەگەڵ دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکھاتەکاندا، نییە.

 

عەزام حەمدانی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کردووە: “پێشنیازی دەستاودەستکردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان پێکھاتەکاندا، لەلایەن کورد و تورکمانەوە پێنشیاز کراوە، ئێمە پێداگرین لەسەر ئەوەی پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب بێت”.

 

وتیشی: “دەمانەوێت بۆ خولێکی تەواو پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ ئێمە بێت، نێوماڵی کورد و تورکمان پێشنیازیان کردووە کە پۆستەکە بە نۆرە لەنێوان پێکھاتەکاندا دەستاودەست بکرێت، ئێمە وەکو پێکھاتەی عەرەبی لە بەڕێوەبردنی شارەکە سەرکەوتوو بووین”.

 

بەپێی بڕگەی حەوت لە ماددەی حەوت لە یاسای پارێزگا ناڕێکخراوەکان، دەبێت لە ماوەی ٣٠ رۆژ دا لە ئەنجامدانی یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پارێزگار بە دەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەنجوومەن ھەڵبژێردرێت، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر لایەنەکان خۆیان ئەو پرسەیان یەکلایی نەکردەوە، ئەوا دادگای باڵای فیدراڵیی ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە.

” لە  ١٠ ڕۆژدا ئیسرائیل،١٣ ناوەندی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج”
پێت ” لە  ١٠ ڕۆژدا ئیسرائیل،١٣ ناوەندی ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج”
تیروپشک بۆ کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دەکرێت
دوات تیروپشک بۆ کارمەندانی ڕۆژی دەنگدان دەکرێت
پەیوەندیدار