ئۆکراین هێرشی هەڵگەراوەی ئەنجامدا و ڕووسیا باری نائاسایی ڕاگەیاند



 

دوای هێرشێکی پێچەوانەی سەربازانی ئۆکراین، ڕووسیا باری نائاسایی لە ناوچەی کورسک و چەند ناوجەیەکی دیکە ڕاگەیاند.

 

دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی 9/8/2024، هێزەکانی ئۆکراین هێرشی پێچەوانەیان دەستپێکرد، ڕووسیا باری نائاسایی لە ناوچەی کورسک ڕاگەیاند و وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتەش ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ڕێگەدان بۆ ناوچەکە تا بەر بەڕووبەڕووبوونەوەکانی هێرشی ئۆکراین بگرن.

 

ئاژانسی هەواڵی “ریا نۆڤۆستی” لە زاری وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاوە بڵاویکردەوە، ڕووسیا چەندین مووشەک هەڵگر و تۆپخانە و تانکی لە دەوروبەری ئەو ناوەچەیە جێگیر کردووە کە هێزەکانی ئۆکراینی پێ گەیشتوون.

 

وەک بەرپەرچدانەوەی هێرشی سوپای ئۆکراین، لەلایەن فڕۆکەیەکی ڕووسیەوە مووشەک ئاراستەی ناوەندێکی بازرگانی ئۆکراینی لە شاری کۆستیانتینیڤکا کراوە، بە پێی وتەی دەسەڵاتداران، لانیکەم 14 کەس کوژراون و 44 کەسی دیکەش برینداربوون.

 

لە لایەکی دیکەوە دوای ئەوەی ناوچەکە کەوتە بەر هێرشێکی “گەورە” لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکراین ئەمڕۆ شەمە 10/8/2024 دەسەڵاتدارانی ناوچەی لیپێتسکی ڕۆژئاوای ڕووسیا باری نائاسایییان ڕاگەیاند، کە پێشترو لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی چوار ناوجەیان بەهۆی دژواری هێرشەکانی ئۆکراین چۆڵکرد بوو.

 

ئیگۆر ئارتامۆنۆڤ، پارێزگاری ناوچەکە لە ڕێگەی تێلێگرامەوە پشتڕاستیکردەوە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دامەزراوەیەکی ژێرخانی وزەیان کردووەتە ئامانج، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا لە هەندێک ناوچە.

 

ئارتامۆنۆڤ ڕایگەیاندووە؛ سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا توانیویەتی 19 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ڕابگرێت، هاوکات هێرشەکەی سوپای ئۆکراین بووەتە هۆی برینداربوونی نۆ کەس و کەوتنەوەی ئاگر لە بنکەیەکی ئاسمانی سەربازی لە ناوچەکە.

 

لە ئیستادا، هێزەکانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە پێشڕەوی لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا، لە کاتێکدا کیێڤ هەوڵدەدات ئەم پەلامارە لەناکاوانە بقۆزێتەوە بۆ تێکدانی سەقامگیری ڕووسیا دوای دوو ساڵ و نیو لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین.

 

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند، سەربازەکانیان توانیویانە هێرشەکانی ئۆکراینبەرپەرچ بدەنەوە و پێشڕەوییان لە قووڵایی ناوچەکەدا ڕابگرن کە نزیکەی 500 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە دوورە.

 

هاوکات، پەیمانگای ئەمریکا بۆ لێکۆڵینەوە لە جەنگ ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی ئۆکراین توانیویانە تا 15 کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی ڕووسیا، هەرچەندە تا ئێستا بە فەرمی ئەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە.

 

میخایلۆ پۆدۆلیاک، ڕاوێژکاری باڵای سەرۆکی ئۆکراین، ئاماژەی بەوەداوە؛ هێرشی ناوچە سنوورییەکان وا لە ڕووسیا دەکات بزانێت کە شەڕەکە هێواش هێواش دەخزێتە ناو خاکەکەیەوە، ئەمەش دەتوانێت پێگەی کیێڤ لە دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ باشتر دەکات.

 

هێرش بۆ سەر کورسک یەکێکە لە گەورەترین هێرشە سنووربەزێنەکان کە ئۆکراین لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا لە 24ی شوباتی 2022وە ئەنجامی داوە، ئامانجی کیێڤ بەم هێرشە ڕەنگە ڕاکێشانی هێزی یەدەگی ڕووسیا بێت بۆ ناوچەکە، ئەمەش دەتوانێت هێرشەکانی ڕووسیا لاواز بکات و ئۆپەراسیۆنەکانی لە ناوچەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین کەمبکاتەوە.

 

 

پزیشکێک باس لە کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە دەکات
پێشت پزیشکێک باس لە کەمخوێنی بەهۆی کەمی ماددەی ئاسنەوە دەکات
بەدەستی ئەنقەست ئاگر بەردرایە ئۆتۆمبێلێک
دواتر بەدەستی ئەنقەست ئاگر بەردرایە ئۆتۆمبێلێک
پەیوەندیدار