ئیسڕائیل، کۆمەڵکوژییەکی دیکەی ئەنجامدا



زیاتر لە ١٠٠هاووڵاتی فەلەستینی لە بۆردومانی قوتابخانەیەکدا گیانیان لەدەستدا .

 

بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە، هاوکات لەگەڵ وادەی نوێژی بەیانی دا،  زیاتر لە ١٠٠ فەلەستینی کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیەک، کە ئاوارە نیشتەجێبووەکانی تیدابووە، لە گەڕەکی ئەلدەراج لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە.

سەرچاوە خۆجێییەکان ڕایانگەیاندوە؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل قوتابخانەی ئەلتەباینیان بۆردومان کردووە لە کاتێکدا هاووڵاتییان سەرقاڵی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بوون.

 

بەرگری شارستانی غەززە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلێگرام ڕایگەیاندووە؛ کار بۆ دەرهێنانەوەی تەرمەکان و ڕزگارکردنی بریندارەکان دەکات.

 

زانیارییەکان ئەوە دەخەنەڕوو؛ “سێ مووشەکی ئیسرائیلی بەر قوتابخانەکە کەوتووە کە شوێنی نیشتەجێبوونی فەلەستینییە ئاوارەکان بووە”، بەجۆرێک ناوچەکەی وێرانکردووە ئەستەمە بۆ تیمەکانی بەرگری بتوانن جەستەی تەواویی قوربانییەکان بدۆزنەوە .

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند؛ کە فڕۆکەکانیان “ئەو تیرۆریستانەیان کردووەتە ئامانج کە لە ناو قوتابخانەیەکەوە کاریان دەکرد، لە کاتێکدا ئەو جێگەیە وەک پەناگەیەک بۆ خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێنرا”.

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومی لە غەززەش لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، لەکاتی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی دا “بۆردوومانەکانی ئیسرائیل ئاوارەکانی کردووەتە ئامانج”.

 

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی ” لە ناوەندێکی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی داوە کە وەک حەشارگەیەک بۆ تیرۆریستان و سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس بەکارهاتووە”.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپا پێش هەڵمەتەکە ڕێوشوێنی گرتووەتەبەر “بۆ کەمکردنەوەی مەترسی زیانگەیاندن بە هاووڵاتیانی مەدەنی”، ڕوونیشیکردووەتەوە لەنێو ئەو ڕێوشوێنانەدا “بەکارهێنانی تەقەمەنی ورد، چاودێری ئاسمانی و زانیاری هەواڵگری” ڕۆڵیان بینیوە..

 

لە یەکەم کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەکە، بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە غەززە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و بۆردومانەکەی بە “تاوانێکی گەورە و تەواوی جەنگ” وەسف کرد، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە هاوولاتیانی ناو قوتابخانەکە سەرقاڵی  ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بوون .

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەو بیانوانەی سوپای دوژمن بۆ تێکدانی قوتابخانەکان دەیهێننەوە، هەمان ئەو بیانوانەیە کە پێشتر بۆ لەناوبردنی نەخۆشخانەکان بەکاریان دەهێنا، کە سەلمێندرا درۆیە”، جەختیش لەوە کراوەتەوە، کە بەردەوامیی ئەو ئۆپەراسیۆنانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی “دوژمن شەڕێک لە ژێر ناوی  “قڕکردن” لە لە دژی گەلی فەلەستین ئەنجام دەدات.

 

بزووتنەوەکە لە بەیاننامەکەیدا ئەوەی بە هەوڵی دامەزراوە نیودەوڵەتییەکان بە “شکست خواردوو” وەسفکردووە لە ناساندنی سەرکردەکانی ئیسرائیل وەک “تاوانباری جەنگ” و دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنیان، کە هەر ئەمەش هۆکارە لە بەردەوامی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی “کۆمەڵکوژی” زیاتر.

 

جێی باسە، هێزەکانی ئیسرائیل لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانیان بۆ سەر ژمارەیەک قوتابخانە لە غەززە چرکردووەتەوە و  پێداگریی دەکەن کە ئامانجەکانیان بنکەکانی حەماس بووە و بانگەشەی ئەوەش دەکەن هەنگاو بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی قوربانیانی مەدەنیی دەگرنەبەر لە بۆردوومانەکانیاندا، بەڵام دواتر و پاش دەرکەوتنی زیانەکان دەردەکەوێت کە ئەوانەی گیان لەدەست دەدەن هاوولاتیانی مەدەنین.

“فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ سزادانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت”
پێت “فەرمانی عەلی خامنەیی بۆ سزادانی ئیسرائیل جێبەجێ دەکرێت”
“تیک تۆک” لە هەشت خولەکدا کاریگەری نەرێنی دروست دەکات
دوات “تیک تۆک” لە هەشت خولەکدا کاریگەری نەرێنی دروست دەکات
پەیوەندیدار