شەڕ لە ڕۆژئاوای كوردستان هەڵگیرسایەوە و ئەمریكا هێزەكانی خستە ئامادەباشییەوە



 

ناوچەكانی هاوسنوری خۆرئاوای عێراق لە بەشی ڕۆژئاوای كوردستان پێشهاتی ئەمنی مەترسیدار بەخۆیەوه ‌دەبینێت، تێیدا ژمارەیەك هۆزی عەرەب لە ناوچەی حەسەكە و دێرەزوور، هێرشیان كردۆتەسەر هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” كە لەلایەن ئەمریكاوە پشتگیری دەكرێن و ژمارەیەك كوژراو و برینداری لێكەوتۆتەوە و ئەمریكا و حكومەتی سوریا-ش هێزەكانیان خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لەكاتێكدا هەسەدە لەماوەی ڕابردوودا لەسەر داوای ئەو هۆزانە ژمارەیەك زیندانی ئازادكرد، كە لە شەڕی دژی داعش دەستگیر كرابوون..

بەپێی هەواڵی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ژمارەیەك هۆزی عەرەب، كە لەلایەن هێزی ئیقلیمی وەك “ئێران”ەوە پاڵپشتی دەكرێن لە ناوچەكانی ڕیفی ئەلبوكەمال و مەیادین و عەشەرە بە هاوكاری تۆپخانە و هاوەن، هێرشیان كردۆتە سەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە دێرەزوور و حەسەكە و ناوچەكانی (زیبان و شحێل وتیانە و درنج و ئەبو حردوب و ئەبو حمام و ئەل لەتوە و غرانیج) بۆردومان دەكەن و هەسەدە-ش بەرپەرچیان داونەتەوە و بەهۆیەوە تا ئێستا شەڕ بەردەوامە و ئەو هۆزانە نەیانتوانیوە پێشڕەوی بكەن و بەهۆیەوە 2 هاووڵاتی كوژراون و 7 كەسی دیكە بریندار بوون.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لە ئاكامی ئەو شەڕەدا 8 چەكداری ئەو هۆزانە كوژراون و 16 كەسی دیكەیان بریندار بوون و ژمارەیەكی زۆر لە چەكداری ئەو هۆزانە لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە”وە دەستگیركراون و ئەمریكا هێزەكانی خستۆتە ئامادەباشییەوە و بە فڕۆكە لەڕێگەی ئاسمانەوە هاوكاری هەسەدە دەكات.

لای خۆشیەوە، بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی سوریا سوپای وڵاتەکەی خستە ئەوپەڕی ئامادەباشیەوە و ڕایگەیاند، کە “پشتیوانی تەواوی بەرەی مقاومە دەکات” كە مەبەستی چەكداری هۆزەكانە.

لای خۆشیەوە، ڕوانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ دەڵێت: هێزەكانی هەسەدە، بەهۆی هێرشی چەكدارە خۆجێییەكان و یەكە فەرمییەكانی ڕژێمی سوریا و گرووپەكانی سەر بەئێران، بۆ سەر كەناری خۆرهەڵاتی فوڕات، هێزی زیاتری لە حەسەكەوە ڕەوانەی شار و شارۆچكەكانی ریفی دێرەزور كردووە.

هەسەدە لە شارۆچكەكانی هەر یەك لە گرانیج و ئەلكەشكیە و ئەبو حەمام لە ریفی دێرەزور، قەدەغەی هاتوچۆی راگەیاندووە، هاوشان لەگەڵ ئەوەدا، ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی كێوماڵكردنی دەستپێكردووە و بە شوێن چەكدارە خۆجێییەكاندا دەگەڕێت و ژمارەیەكی لێ‌ دەستگیر كردوون.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە هەسەدە زیاد لە هەزار دەستیگركراوی ئازاد كردووە، كە هەندێكیان بە تیرۆر تۆمەتباربوون، بەڵام هەسەدە دەڵێت: ئەوانەی ئازادكراون دانیشتووانی عەرەبی ناوچەكەن.

بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی میدیاكانی ڕۆژئاوای كوردستان بڵاویانكردۆتەوە، هێزی بەرگری نیشتمانی سەر بە حكومەتەكەی بەشار ئەسەد پاڵپشتی چەكداری ئەو هۆزانە دەكات و بە هێز و هاوەن و بۆردومان كردن پاڵپشتیان دەكەن.

Inside Out 2 پشکی دیزنی بەرزکردەوە
پێت Inside Out 2 پشکی دیزنی بەرزکردەوە
زاناکان نهێنیەکی خەوتنی دۆلفینەکان ئاشکرا دەکەن
دوات زاناکان نهێنیەکی خەوتنی دۆلفینەکان ئاشکرا دەکەن
پەیوەنیدر