دەستەی دەستپاکی عێراق بڕیاری زیندانیکردنی بۆ دوو بەرپرسی پێشووی بانکی ڕەشید لە کەرکوک دەرکرد.
دەستەی دەستپاکی عێراق بڵاویكردۆتەوە، دادگای تاوانەكانی كەركوك سزای هەریەك لە بەڕێوەبەرانی پێشوی بانكی رەشید لە كەركوك و بەڕێوەبەری هۆبەی پرۆسە بانكییەكانی داوە بەهۆی خەرجكردنی بڕێك پارە بە وەدیعە بە یەكێك لە كۆمپانیا بازرگانییەكان.
ئاماژەی بەوەشداوە، پێدانی ئەو پارەیە بە وەدیعە لەکاتێکدایە لە گرێبەستی نێوان ئەوان و سكاڵاكارەكاندا بڕگەی گەڕاندنەوەیی و پابەندبون بە گرێبەستی تیادا نییە و ئەو كارەش بە ئارەزوومەندانە كراوە.
ڕوونیشیکردۆتەوە، دادگای تاوانەكانی كەركوك دوای وردبونەوە لەو بەڵگانەی خراونەتەڕو هەروەها بەپێی وتەی شاهیدەكان و لیژنەی لێكۆڵینەوە، بەڵگەکان بڕواپێهێنەربون تاكو دادگاكە بڕیاری سزادانەكەیان دەربكات.
جەختیشێ کردۆتەوە، دادگاكە سزای 6 ساڵ زیندانیكردنی بە پاشەملە( غیاب ) بەسەر هەردوو تۆمەتباردا سەپاند، هەروەها بڕیاریشیدا دەست بەسەر ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەیاندا بگیرێت، و قەدەغەی گەشتكردنیشیان لەسەر دابنرێت تا نەتوانن بۆ دەرەوەی وڵات هەڵبێن.