مووشەکی ئێران و بەرگریی ئیسرائیل، کامیان سەردەکەوێت؟



خولێکی نوێی ململانێکان لە ناوچەکەدا سەرهەڵداوە، چاوەڕوانی هێرشێک دەکرێت کە ئێران دوای تیرۆرکردنی بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی، بیکاتە سەر دوژمنە ئەزەلییەکەی “ئیسرائیل”.

 

لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەی “تۆڵەسەندنەوە” لەلایەن ئێران و حزبوڵڵا لە دوای تیرۆرکردنی هانیە لە تاران و فوئاد شوکر لە بەیروت، پرسیار لەسەر کاریگەریی سیستمی بەرگری ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکان هاتووەتە ئارا، کەئاخۆدەتوانێت بەرپەرچی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی وردپێک و  زۆر کاریگەری ئێران بداتەوە؟.

 

شرۆڤەکاران و چاودێرانی سەربازی پێیان وایە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشێکی “فرە بەرەیی” ئامادە دەکات کە سیستمی بەرگرییەکەی دەخاتە ژێر فشارێکی زۆرەوە.

 

مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران

ئیسڕائیل و ناوچەکە لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا “وەڵامدانەوەی ئێران”ی تاقیکردەوە، کاتێک زیاتر لە ٣٣٠ مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەڵدا، ئەمەش لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

 

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا تاران کۆمەڵێک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پەرەپێداوە کە لە مێژە نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوای لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا ئەو مووشەکانە بەشێکی گرنگی جبەخانەی ئێستای پێکدەهێنن.

 

لە نێو سیستمی مووشەکی ئێرانی کە ڕەنگە بگاتە ئیسرائیل:

ساجیل: دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا زیاتر لە ١٧ هەزار کیلۆمەتر ببڕێت و مەودای تا ٢٥٠٠ کیلۆمەتریشی هەیە.

 

خەیبەر: مەودای دەگاتە دوو هەزار کیلۆمەتر، هەروەها کڵاوەی جەنگی ئاست بەرزی تێدایە کە کێشی ١٥٠٠ کیلۆگرامە، لە کاتێکدا خێرایی بڵندییەکەی وا دەکات ڕێگریکردن و لەناوبردنی قورس بێت.

 

حاج قاسم: مەودای ١٤٠٠ کیلۆمەتری هەیە و ناوی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای قودسی لەسەرە، دەکرێت بە یەکەمین مووشەکی بالیستیکی تاکتیکی ئێران هەژمار بکرێت کە بە سووتەمەنی ڕەق کاردەکات و دەتوانێت بگاتە ئیسرائیل.

 

سەبارەت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تاران پێشتر فڕۆکەیەکی پێشکەوتووی بە ناوی “موهاجر -١٠” دروستکرد کە مەودای تا دوو هەزار کیلۆمەتر و توانای فڕینی هەیە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر و هەڵگرتنی تا ٣٠٠ کیلۆگرام.

 

هەروەها ئێران لە هێرشی ١٣ی نیساندا ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی “شەهید ١٣٦” و “شەهید ١٣١”ی دروستکراوی خۆی بەکارهێنا، کە ئەمە یەکەمجار بوو سوپای پاسدارانی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر لە هێرشێکی ڕاستەوخۆدا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژیانە بەکاربهێنێت.

 

مەودای کارکردنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی شەهید ١٣٦ جیاوازە، بەڵام ئێران دەڵێت توانای فڕینیان هەیە تا دوو هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر و دەتوانن لە بەرزییەکی شیاودا بفڕن تا لە دۆزینەوەی ڕادار دوور بن.

 

سیستمی بەرگریی ئیسرائیل

لەماوەی دە ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بەشێوەیەکی بەرچاو بەرگریی ئاسمانی مۆدێرن کردووەتەوە و سیستمی نوێی بۆ ڕێگریکردن لە گەیشتنی مووشەکە بالیستیکیەکان زیادکردووە کە لە دووری تا دوو هەزار و ٤٠٠ کیلۆمەترەوە ئاراستەدەکرێن، بەو پێیەی ئەم مەودایە یەمەن و سوریا و عێراق دەگرێتەوە کە گروپەکانی هاوپەیمان لەگەڵ ئێران لەوێ بنکەیان هەیە.

 

لە بەناوبانگترین سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل:

Iron Dome: لە ساڵی ٢٠١١ەوە ڕێگری هەزاران مووشەکی کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ مووشەکی کورت مەودا و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دیزاینکراوە، لە ٤کیلۆمەترەوە بۆ ٧٠ کیلۆمەتر، بەڵام تا ئێستاش وەک یەکێک لەو سیستەمە پێشکەوتووانەی بەرگریی مووشەکی دەمێنێتەوە کە ئیسرائیل هەیەتی.

 

“David’s Sling”: لە ساڵی ٢٠١٧ پەرەی پێدراوە و جێگیرکراوە بە ئامانجی ڕێگریکردن لە موشەکەکانی مەودا مامناوەند تا دوور، بە ئامانجی پڕکردنەوەی بۆشایی نێوان سیستەمی “Iron Dome” و سیستەمێکی پێشکەوتووتر کە بە “Arrow” ناسراوە، دروستکراوە، بۆ دۆزینەوە و لەناوبردنی مووشەکی بالیستکی و کروز و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، کە مەودای تا ٢٠٠ کم،ە.

سیستەمی “تیر”: دەتوانێت بەر لەو مووشەکانە بگرێت، کە لە دووری ٢٤٠٠ کیلۆمەترەوە هەڵدەدرێن، چ لە بەرگەهەوای زەوی و هەم لە دەرەوەی زەویش.

 

کێ لە ڕووبەڕووبوونەوەکەدا سەردەکەوێت؟

فابیان هاینز، لێکۆڵەری پێشەنگی بواری بەرگریی و شیکاری سەربازی لە پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان، ڕایگەیاندووە، بەرگرییەکانی ئیسرائیل لە بەرامبەر هێرشێکی گەورەی وەک ئێران لە مانگی نیساندا کاریگەرییان سەلماند، بەڵام لەبەرمبەر مووشەکە سادە و ئاڵۆزەکانی حزبووڵادا کە مەودا دورترن هەندێک جار کاریگەرییە بەرگرییەکانی ئیسڕائیل وەک پیویست نین.

 

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوزی عەرەبی، هاینز ڕوونیکردەوە، حزبوڵڵا لە دزەکردنە ناو بەرگرییەکانی ئیسرائیل، لە ڕووی ستراتیجییەوە لە ئێران باشترە، بە لەبەرچاوگرتنی نزیکیی جوگرافیای، دەتوانێت مووشەکی سادەتر و کاریگەرتر بۆ بە ئامانجگرتنی ئیسرائیل بەکاربهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم مووشەکانە بە ڕێژەیەکی زۆر گەورەتر لە سیستمی دوورمەودای ئێران بەردەستن، ئەمەش وادەکات بە ئاسانی زاڵبن بەسەر بەرگرییەکانی ئیسرائیلدا لە ڕێگەی ئەو ژمارە زۆرەی مووشەک کە بۆ پەکخستنی کاری بەرگریی ئاسمانی هەڵدەدرێن.

 

فابیان هاینز، پێی وایە ئێران پێشکەوتنی بەدەستهێناوە بە ئامانجی زاڵبوون بەسەر بەرگرییە مووشەکییەکانی ئیسرائیل، بە ڕاگەیاندنی پەرەپێدانی ئەو مووشەکانەی کە توانای مانۆڕی سنوورداریان هەیە بۆ خۆدزینەوە لە بەرگرییە مووشەکییەکان لە قۆناغی کۆتاییدا.

 

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار پەردەی لەسەر مووشەکی هایپەرسۆنیکی فەتاح ٢ لادا، بەڵام  تواناکانی بە نهێنی هێشتەوە و تەنها ئاماژە بە توانای تێپەڕاندنی سیستەمی “گومەزی ئاسن”ی ئیسرائیل کراوە تیایدا.

 

هاینز دەڵێت، “ئەگەر ئێران و حزبوڵڵا هێرشەکانیان بەهێز و کاریگەر بن، ئەوا مەترسییەکی کارەساتباریان لەسەرە، چونکە زیانێکی قورس بە ئیسڕائیل بگات دەتوانێت ببێتە شەڕێکی سەرتاسەری”.

 

“سەرقاڵکردنی گومەزی ئاسنی”

لە بەرامبەردا، ناجی مەلاب، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، لە لێدوانێکیدا بۆ سکای نیوز، پێی وایە “ئەگەر ئیسرائیل هەموو بەرگرییە ئاسمانییەکانی کۆبکاتەوە، ئەوا دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بکات” لە کاتی هێرشە چاوەڕوانکراوەکەدا، بە هاوکاری ئەمریکا و هێزە سەربازییەکانی کە لەم دواییانەدا گەیشتنە ناوچەکە، هەروەها مووشەکی بەرگریی ئاسمانی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە لە یەکە دەریاییەکان لە دەریای سوور و دەریای ناوەڕاستدا ئامادەن.

 

بەڵام ئەمەش مەرجدارە بە قەبارە و جۆری ئەو مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە کە ئێران و حزبوڵڵا هەڵیاندەدەن، بە وتەی مەلاب، سەرقاڵکردنی بەرگرییەکانی ئیسڕائیل بە مووشەک ڕێگە خۆشکەر دەبێت بۆ گەیشتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل چەندە لە حاڵەتی ئامادەکاری بەرگریی و هێرشبەریدایە، ڕەنگە کاریگەری ئەو مووشەکانەی لەسەر بێت کە بەرگریی ئاسمانییان پێناگات.

 

ناجی مەلاب، شارەزای سەربازی و ستراتیژی، ئاماژەی بەوەدا؛ سوپای پاسدارانی ئێران لە ساڵانی ڕابردوودا مووشەکی هایپەرسۆنیکی پەرەپێداوە، کە ڕەنگە کاریگەرییان هەبێت لەسەر توانای بەرگریی ئاسمانی جێگیرکراو لە دەریای سوور یان ئیسرائیل، بەو پێیەی سەلمێندرا کە هەندێک لەو مووشەکانەی دوایین جار هەڵدران، لە مانگی نیسان دا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی “بەڵێنی ڕاستەقینە” گەیشتە ئامانجەکان.

لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە،١٠ هەزار سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و بریندار بوون
پێشت لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە،١٠ هەزار سەربازی ئیسرائیلی کوژراون و بریندار بوون
بۆچی خەڵک لە میدیا دوور دەکەوێتەوە؟
دواتر بۆچی خەڵک لە میدیا دوور دەکەوێتەوە؟
پەیوەندیدار