بۆچی خەڵک لە میدیا دوور دەکەوێتەوە؟



ژمارەیەکی بێشوماری میدیا لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام ئەو ناوەڕۆکە میدیایانەی کە بڵاودەکرێنەوە مشتومڕیان بەدوای خۆیاندا هێناوە و ڕەخنەیان لێدەگیرێت، کە لە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان نین.

ڕۆژنامەوانی یان ڕۆژنامەگەری بریتییە لە پیشەی گواستنەوە و گەیاندنی هەواڵی پشتڕاستکراوە، ئامادەکردنی سەرجەم ژانەرەکانی ڕۆژنامەوانی، بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە، بێ لایەنانە و گشتگیر، کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتییان بکات.

ئەوەی دەبینرێت لە هەرێمی کوردستان، بێشوومار ناوەڕۆکی میدیایی بە گوێگر دەگات، بە تایبەتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە میدیایی دیجیتاڵی، بەڵام ئەوەی ڕەخنەی لێدەگیرێت ئەو بنەما، پێوەر و بەهایانەیە کە بابەتەکانیان لەسەر بەرهەمدەهێنرێن.

سەلام عومەر، ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵ کارکردنی لە بواری کاری ڕۆژنامەوانی لە میدیای بیستراو، بینراو و دیجیتاڵی هەیە، نزیکەی ١٠ ساڵیش دەبێت لە ڕاهێنان و پەروەردەی میدیایی کاردەکات، لە دیمانەیەکی تایبەتتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی خەڵک باسی ڕەوشی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان کرد، جەختی کردەوە کە میدیا دەبێت لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان کاربکات.

 

خەڵک: ئەرکی میدیای ڕۆژنامەوانی لەناو کۆمەڵگەدا چییە؟ لە هەرێمی کوردستان میدیا لە چ ئاستێکدایە؟

سەلام عومەر: دەتوانین بڵێین ڕۆژنامەوانی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری پشتڕاستکراوەیە بۆ گوێگر، بەشێوەیەکی گشتی میدیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ نیمچە کراوەیە، واتە دەنگ و ڕەنگی بە بیر و بۆچوونی جیاواز تێدایە، بەڵام گرفتەکە لە ئاستی ئەو بەرهەمە میدیاییانەیە کە بەرهەم دەهێنرێن

دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە دۆخی شلۆقی زانیارییدایە، کە بێشومار زانیاری ناڕاست و چەواشەکاری و پڕوپاگەندە دەگاتە گوێگر بێ پشڕاستکردنەوە و پاڵفتەکردن، ئەمەش وەرگری خستووەتە سەرگەردانی لە جیاکردنەوەی ڕاست و هەڵە، هۆکاری سەرەکیش بۆ پووکانەوەی میدیایی سەربەخۆ دەگەڕێتەوە.

 

خەڵک: ناوەڕۆکی میدیای دەبێت چی لەخۆبگرێت؟ میدیای کوردیی چی لەبیر کردووە؟

سەلام عومەر: بە شێوەیەکی گشتی میدیا ناوەڕۆکی جیاواز لە خۆدەگرێت، لە ساڵی ٢٠١٦دا BBC توێژینەوەیەکی کردووە و بۆی دەرکەوتووە، کە گوێگر پێویستی بەوەیە ئەو بابەتانەی کە بڵاودەکرێنەوە ببنە سەرچاوەی ئیلهامبەخش بۆی، لەگەڵ بابەتی کات بەسەربردن، ڕۆشنگەری و هەواڵی ڕۆژ، بۆ ئەمەش ڕۆژنامەنووس پێویسیەت لەسەر چەند ئاستێک کاربکات و هەواڵ و زانیاری بداتە خوێنەر.

خوێنەر دەیەوێت لە سەرچاوەی پیشەیی و باوەڕپێکراوەوە زانیاری ڕۆژانەی پێبگات تا بتوانێ بڕیار لە ژیانی بدات، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەیبینین لە هەرێمی کوردستان سەپاندنی بیروباوەڕی سیاسی و کەسییە، ئاستی میدیا لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک دابەزیوە کە ناتوانێت ئەرکی پیشەیی خۆی بەجێبهێنێت.

 

خەڵک: بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی بێسوود و زیانبەخش لە کۆمەڵگە نەبووەتە هۆکاری دوورخستنەوەی تاک لە میدیا؟

سەلام عومەر: هەڵەیەکی کوشندە لەناو خەڵکدا بڵاوبووتەوە کە پێمان وایە هەرچییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوببێتەوە کاری میدیا و ڕۆژنامەوانییە، لە کاتێکدا بابەتی میدیایی پێوەر و بەهای تایبەتی خۆی هەیە.

هەر بابەتێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەبێتەوە، گرنگ نییە کە چەندێک بینەریان هەبێت، ئەگەر لەسەر ئاستی پیوەرەکانی ڕۆژنامەوانی بەرهەم نەهێنرابێتن بە کاری ڕۆژنامەوانی دانانرێن.

ئەو ژینگە نا تەندروستەی کە دروستبووە لە قەبارەیەکی بەرچاو زانیاری نا دروست لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە وەرگر لە بەدواداچوون بۆ هەواڵ و ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوە دووربکەوێتەوە.

لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی پەیمانگی ڕۆیتەرز، لەسەر ئاستی جیهانی خەڵک لە سەیرکردنی هەواڵەکان دووردەکەونەوە، چونکە دەروونیان ماندوو دەکات، ناوەڕۆکەکان سەرنج دەخەنە سەر لایەنی نەرێنی ڕووداوەکان.

 

خەڵک: ڕۆژنامەنووسان دەتوانن چی بکەن بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵک بە میدیا؟

سەلام عومەر: ئەوەی ئێمە پێمان دەکرێت وەکو ڕۆژنامەنووس گەڕانەوەیە بۆ پیشەکە وەک خۆیی، سووربین لەسەر نیشاندانی کاری ڕۆژنامەوانی ڕاست کە لەسەر بنەما و پێوەرەکان بەرهەمهێنرابێت، تا بینەر جیاوازی بکات و ڕاستییەکان ببینێت، تێبگات لە ناوەڕۆکی ڕۆژنامەوانی بنیاتنەر.

مووشەکی ئێران و بەرگریی ئیسرائیل، کامیان سەردەکەوێت؟
پێت مووشەکی ئێران و بەرگریی ئیسرائیل، کامیان سەردەکەوێت؟
ئاسایشی هەولێر بۆ هاووڵاتییان: وەڵامی ئەو پەیوەندییانە مەدەنەوە کە داوای ژمارەی نهێنیتان لێدەکەن
دوات ئاسایشی هەولێر بۆ هاووڵاتییان: وەڵامی ئەو پەیوەندییانە مەدەنەوە کە داوای ژمارەی نهێنیتان لێدەکەن
پەیوەندیدار