وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی مردنی هاووڵاتییەك لە هەولێر بە نەخۆشی ئایدز ڕایدەگەیەنێت، لێکۆڵینەوە دەکەن لە ڕاستی و دروستی ئەو بابەتە.
ئەمڕۆ چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و پەیچەکانی سۆشیال میدیا دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە، كە هاووڵاتییەک لە نەخۆشخانەکانی شاری هەولێر، كە تووشبووی ئایدز بووە، گیانی لەدەستداوە.
سەرکار سوورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ڕایگەیاندووە، “سەبارەت بە دەنگۆی گیانلەدەستانی کەسێک لە شاری هەولێر، کە گوایە تووشبووی ئایدز بووە، لە ئێستادا خەریکی لێکۆڵینەوەین لەسەر ئەم کەیسە و ڕوونکردنەوەمان دەبێت لەسەر ڕاستی و دروستی ئەم بابەتە”.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 72 حاڵەتی ئایدز لە هەرێمی کوردستان دەستنیشانکراوە، کە بەشی هەرە زۆریان هاووڵاتییانی بیانی و هاووڵاتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و کاری پێویست بەرانبەریان ئەنجامداوە و تووشبووانی بیانی گەڕێنراونەتەوە وڵاتانی خۆیان و ئەوانی دیكەش لەژێر چاودێری پزیشكیدان.