پارێزگایەكی عێراق هۆكاری زۆربوونی شێرپەنجە ئاشكرادەكات



بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار هۆكاری زۆربوونی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە ئاشکرای دەكات و ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ١٤ ساڵدا نزیکەی 8 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان لە پارێزگاکەدا تۆمارکراوە.

یاس ئەلخەفاجی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار بە (بغداد الیوم)ی ڕاگەیاند، “زیقار یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە شایەتحاڵی ڕێژەی ترسناکی تووشبوون بە شێرپەنجەیە”.

ئاماژەی بەوەشکرد کە “سەنتەری شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی فێرکاری ئەلحەبوبی، لە ماوەی 14 ساڵدا نزیکەی 8 هەزار تووشبووی تۆماركردووە، لەنێویاندا منداڵ و ژنان هەن”.

ئاشكراشی كرد، “بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە، کە دەردانی غاز بەهۆی کۆمپانیاکانی نەوت و پیسبوونی ژینگە لە ڕێگەی کەڵەکەبوونی پاشماوە و بڵاوبوونەوەی لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون و پیسکەرەکانی فڕێدراونە ناو ئاوی ڕووبارەکان هۆکاری ڕاستەوخۆی زیادبوونی ڕێژەی تووشبوونن”.

جەختیشی لەوە کردەوە “ئامارەکان کۆی ژمارەی تووشبوونەکان نیشان نادەن، چونکە هەندێکیان بۆ چارەسەرکردن دەچن بۆ پارێزگاکانی دیکە.”

ئەلخەفاجی ڕایگەیاندووە، “فایلەکەی شێرپەنجە پێویستی بە پشتیوانی زیاتری حکومەت هەیە لەڕووی کردنەوەی سەنتەری چارەسەری زیاتر و دابینکردنی دەرمان و پشتگیریکردنی ئەوانەی تووشبوون، چونکە زۆربەیان لە چینە هەژارەکانن”.

پارێزگاکانی باشووری عێراق شاهیدی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شێرپەنجەن لە ئەنجامی پیسبوونی ژینگە، کە بەهۆی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی ئەوێ دروست دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستانیش ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە لەم سالانەی دواییدا زیادی كردووە و پسپۆڕانی تەندروستی و ژینگەش هۆكارەكەی بۆ “پیس بوونی ژینگە و خواردنی ناتەندروست و ماددە كحولییەكان و جگەرە و نێرگەلە” دەگێڕنەوە و پارێزگاری هەولێريش بڕیاریدا بە داخستنی 138 پاڵێوگەی نایاسایی، كە بوونەتە هۆی پیسكردنی ژینگەی شارەكە.

تەندروستی لەسەر مردنی كەسێك بە نەخۆشی ئایدز هاتەدەنگ
پێشت تەندروستی لەسەر مردنی كەسێك بە نەخۆشی ئایدز هاتەدەنگ
پۆلیسی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
دواتر پۆلیسی سلێمانی ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
پەیوەندیدار