تەنها داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەس نییە



*مەعروف مەجید

ئەو پرسیارانەی ڕۆژانە ئاڕاستەمان دەکرێن، بۆچی ڕۆژانە ڕێژەی شێرپەنجە ڕوولەهەڵکشانە، بۆچی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیس دەبێت، بۆچی هەوای شارەکان پیسن، بۆچی هەمیشە تەمێکی ڕەش شارەکانی داگیرکردووە، بۆچی بۆنێکی ناخۆش پایتەخت و شارەکانی تری تەنیوە، و چەندان پرسیاری تر.

 

دەمەوێ بتانگەڕێنمەوە بۆ چەند ساڵێک پێش ئێستا، ئەم ئامارانە هی ساڵی ۲۰۱٨یە، بزانە چی کراوە بەرامبەر ئەم گەلە بەشمەینەتە، بزانن ڕۆژانە چەندین پاڵاوگەی نایاسایی کاریان کردووە و بوونەتە هۆکاری شێواندنی ژینگەکەمان، ئاخۆ دوای چەندین ساڵ لە سەرپێچی و شێواندنی ژینگە، تازە موژدانە بە هاوڵاتیان دەدەن بڵێن پاڵاوگە نایاساییەکان دادەخەین، لە کاتێکدا هیچ ڕێکارێکی یاساییان بەرامبەر ئەنجام نەدرێت.

کێ لەبەرامبەر وێرانکردن و تێکدانی خاک و پیسکردنی هەواو مەترسی پیسبوونی ئاوی ژێر زەوی و فڕێدانی هەزاران تەن پاشماوەی ئەم پاڵاوگانە بەرپرسیارە، هاوڵاتییەکی بەشمەینەت چی تاوانێکی هەیە لەبەر خاتری بەرژەوەندی چەند سەرمایەدارێکی چاوچنۆک تووشی شێرپەنجە و دەیان نەخۆشی ترببێت.

 

ئامارەکانی ساڵی ۲۰۱٨ پێمان دەڵێن، لە سنووری پارێزگای سلێمانی ٤۱ پاڵاوگە هەن، هەموویان بە ئەمبارەكانیشیانەوە نایاسایین.

 

نزیكەی ۱۰۰ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای دهۆك هەن، كە بەسەر نزیكەی ٤۰ پارچە زەویدا دابەشبوونە، ئەو پاڵاوگانە بەناوی كارگە مۆڵەتیان وەرگرتووە، بەڵام دواتر كراون بە پاڵاوگەی نایاسایی، هەموو پاڵاوگەكان نایاسایین.

 

پارێزگای هەولێر زۆرترین پاڵاوگەی نایاسایی لێن، كێشەكە تەنیا لە سنووری ناوەندی هەولێر نییە، بەڵكو لە سنووری قەزای مەخموور و خەبات و كۆیەش هەیە و پاڵاوگەی نایاسایی زۆری تێدان كە زیاتر لە ۳۰۰ پاڵاوگەی نایاسایی دەبێت.

 

دوای زیاد لەشەش ساڵ لەو بەروارە ئەمڕۆ هەواڵی داخستنی ۱۳٨ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر بڵاو دەبێتەوە کە بەپێی زانیارییەکان ئەو بڕیارە لە ٨/۲/۲۰۲۱ دراوە واتە سێ ساڵ و شەش مانگ لەمەوپێش هۆکاری جێبەجێنەکردنی لە ڕۆژی دەرچونییەوە چیە، کێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە، ئاخۆ ئەو پاڵاوگانەی تر داخراون یاخود ماون دابخرێن، ئاخۆ پاڵاوگەکانی تری سلێمانی و دهۆک داخراون یا ئەوانیش ماون.

 

من دەمەوێ بپرسم، یاسای ژمارە هەشتی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەڵێ تەنها دایانبخەن و بڕۆنە ماڵەوە، یاخود دەڵێ هەر کەسێ دەبێتە هۆی شێواندن و پیسکردنی ژینگە دەبێ سزابدرێت.

 

ئایا ئەگەر هاوڵاتییەک سەرپێچییەک، نایاساییەک بەرامبەر ژینگە بکات، لیژنەکانتان دەچنە سەری و پێی دەڵێن کاکە بڕۆ ماڵەوە و تەواو، یاخود بۆ کەمترین سەرپێچی زۆرترین گرفت و سزای بۆ درووست دەکەن.

 

من لێرەوە داوا لە دەستەی ژینگە دەکەم، چەند ساڵە ئەو پاڵاوگانە نایاسایین بۆ نایاندەن بە دادگا پێشنیار دەکەم بە پێی یاسا سزایەکی باشی مادییان بدەن و پارەکەی نەدەن بە حکومەت ڕاستەوخۆ خۆتان بیکەنە ناو ئەو سندووقە ژینگەیەی بۆتە سەرچاوەی کۆکردنەوەی پارە بۆ حکومەت و ناشیرینکردنی ژینگە لای هاوڵاتیان.

 

ئەو پاڵاوگانە پێچەوانەی سەرجەم مادەکانی(۲۲،۲٥،۲٦،۲٨،۲۹،۳۱،)لە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە، ژمارە ٨ی ساڵی ۲۰۰٨ی هەرێمی کوردستان، بەپێی مادەی (،٤۲،٤۳،٤۱)ی ئەو یاسایە، سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان سزاکان دەیانگرێتەوە، کە لە ۱۰ ملیۆن دینار تا ۲۰۰ ملیۆن دینار کۆتایی دێت و زیندانی کردنیش دەیانگرێتەوە.

 

هەر بۆ زانیاریتان، ئەم ئامارە هی ساڵی ۲۰۱٨یە، ساڵانە بایی ۱٥ ملیار دینار فیول پەمپی ئۆتۆمبێل بەهۆی سووتەمەنی خراپەوە لە هەرسێ پارێزگاكە تێکدەچن.

 

کێشەکە لەوەدایە، ئەم پاڵاوگانە هی کەسانی دەستڕۆیشتووی ئەم هەرێمەن، ئەگەرنا ئەگەر ڕاست دەکەن فەرموو بیانهێننە سەر شاشەی تیڤییەکان با خەڵکی بزانن ئەمانە هۆکاری شێواندنی ژینگەی ئەم وڵاتە بوونە و بە پارەیەکی باش سزایان بدەن.

*سەرۆکی ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە

گواستنەوەی کارتی زانیاری لە نێوان شارەکانی ھەرێم ڕاگیرا
پێت گواستنەوەی کارتی زانیاری لە نێوان شارەکانی ھەرێم ڕاگیرا
بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، نرخی گەنمەشامی و عەلەفیش لەگەڵ خۆی بەرزدەکاتەوە
دوات بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، نرخی گەنمەشامی و عەلەفیش لەگەڵ خۆی بەرزدەکاتەوە
پەیوەندیدار