بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، نرخی گەنمەشامی و عەلەفیش لەگەڵ خۆی بەرزدەکاتەوە



بە هۆی گۆڕانی کەشوهەوای زەوییەوە پلەی گەرما بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت، بەتایبەتی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی ئاو دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە بەرهەمی کێڵگە و دانەوێڵەکان. ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دابینکردنی خۆراکی جیهانی دەبێت.

هاوینی ئەمساڵ وەرزێکی گەرم و وشک بوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، لە ئۆکراینا کە بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی هەناردەکاری گەنمەشامی دادەنرێت لە جیهاندا، پلەی گەرما گەیشتە 38ی سیلیزی، ئەوەش بە گەرمایەکی بەتین دادەنرێت لەو وڵاتەی کە بە زستانە ساردەکەی و هاوینە وشک و گەرمەکەی دەناسرێتەوە.

ڕۆمانیاش کە یەکێکە لە وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و هەناردەکاری گەنمەشامییە بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا، ئێستا بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنیت، ساڵانە لە سەرەتای وەرزی هاویندا هەنگەکان دەست بە پیتاندنی گەنمەشامییەکان دەکەن، بەڵام بە وتەی تیتیانا ئەدامینکۆ، لە بەشی کشتوکاڵی ڕوانگەی کەشناسی ئۆکراینا، ئەمساڵ ئەوە ڕووی نەدا، چونکە هەنگ لەو پلە گەرمە بەهێزەدا کار ناکات و وتیشی: پێشبینی دەکرێت کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی 20-30٪ی کەمتربێت لەوەی پێشبینی دەکرا.

 

گەرما و کەمی ئاو دەبنە هۆی کەمیی تۆو و پووکانەوەی بەرهەم. فلۆرین باربو، وەزیری کشتوکاڵی ڕۆمانیا دەڵێت، پێویستە یەکێتی ئەوروپا بە زیاتر لە نیو ملیار یۆرۆ پاڵپشتی جووتیارانی ڕۆمانیا بکات، چونکە ئەوان گرفتاربوون بەدەست کەمبوونەوەی بەرهەمی زیاتر لە دوو ملیۆن دۆنم زەوی کە بە گەنمەشامی و گوڵەبەڕۆژە چێنراون.

ئەڵمانیا دانەوێڵە بە شێوەیەکی سەرەکی لەو وڵاتانەی دراوسێیەوە هاوردە دەکات کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپان و ئۆکرایناش لە پلەی چوارەمدا دێت کە ئەندام نییە لە ڕێکخراوەکەدا.

کەمبوونەوەی بەرهەمی گەنمەشامی لە ڕۆمانیا کاریگەری لەسەر یەکێتی ئەوروپا دەبێت، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر ئەڵمانیا درەنگ دەکەوێت، چونکە بەرهەم زیاتر لە وڵاتانی دیکەوە هاوردە دەکات، بەڵام کاریگەرییەکە بە زوویی لەسەر ئیسپانیا دەردەکەوێت.

ئەو گەرمایەی کە ئەوروپای گرتووەتەوە، نەک تەنها مەترسی لەسەر ئەگەری سووتانی کێڵگەکان دروست دەکات، بەڵکو دەبێتە هۆی کەمئاویی و دابەزینی ئاستی ئاوی زەویش.

ماریۆس سۆمیسان، کە جوتیارێکی ناوچەی تیلییۆرمانی ڕۆمانییە و لە کێڵگەکەیدا گەنم و جۆو و گوڵەبەڕۆژە و کەمێک گەنمەشامی چاندووە، بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاند، هەموو شتێک وشک دەبێتەوە و کاتێکیش بیرلێدەدەین، ئاو دەرناکەوێت.

شەڕی ڕووسیا و ئۆکرایناش مەترسیی لەسەر گواستنەوەی دانەوێڵە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دروست کردووە کە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە گواستنەوەی دەریایی دەبەستن لە ڕێی دەریای ڕەشەوە.

مەترسییەکە تەنها ئەوروپای نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەوپەڕی زەوی و لە کەناڵی پەنەما، کە دەکەوێتە ئەمریکای ناوەڕاستەوە، بەردەوام گواستنەوەی خۆراک و شمەک بە هۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە پەکی دەکەوێت و زۆرجاریش کێشە سەربازییەکان گرفت بۆ هاتووچۆی دەریایی بە کەناڵی سوێسی میسریشدا دروست دەکەن.

شتیڤن باخ، لە کۆمپانیای کاک تیرمینهانتڵی ئەڵمانی لەو بڕوایەدایە کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی گەنمەشامی و ئەوەش هەڵکشانی نرخی عەلەفی لێدەکەوێتەوە و بە زیان لەسەر ئاژەڵداران دەکەوێتەوە.

تەنها داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەس نییە
پێشت تەنها داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان بەس نییە
راپۆرتێکی شیکاریی گرفتێکى گەورەى رێکارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دەستنیشان دەکات
دواتر راپۆرتێکی شیکاریی گرفتێکى گەورەى رێکارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دەستنیشان دەکات
پەیوەندیدار