نەخۆشی ترسناک لە ئاوەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە



وێڕای ئەوەی ئاو کانیاوی ژیانە، زۆرێک لە نەخۆشییە کوشندەکان لە ڕێگەی ئاوەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێنەوە، وەک کۆلێرا، تایفۆید و ئەمیبا کە زیان بە مێشک دەگەیەنن.

بەگوێرەی پرۆگرامی توێژینەوەی گۆڕانی جیهانیی ئەمریکا پێشبینی دەکرێت، نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو لەگەڵ گەرمبوونی جیهاندا زیاتر بێت، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی پلەی گەرما مەودای هەندێک مشەخۆر و بەکتریا فراوانتر دەکات.

 

کۆلێرا، لە ڕێگەی بەکتریای “ڤیبریۆ کۆلێرا” تووشی مرۆڤ دەبێت، نیشانەکانی بریتین لە سکچوون و ڕشانەوە، بە خێرایی دەبێتە هۆی مردن بەهۆی وشکبوونەوە.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بۆ ٤ ملیۆن حاڵەتی تووشبوون بە کۆلێرا هەیە و نزیکەی ٢١ بۆ ١٤٣ هەزار حاڵەتیش بە مردن کۆتایی دێت.

مردن بە کۆلێرا بە پاکوخاوێنی دروست و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

 

هەوکردنی پەردەی مێشک، هەوکردنی پەردەی مێشکی ئەمیبی سەرەتایی (PAM) هەوکردنێکی دەگمەنە، بەڵام ترسناکە کە بەهۆی ئەمیبا Naegleria fowleri دروست دەبێت کە لە دەریاچەی ئاوی شیرین و ڕووبار و کانییە گەرمەکاندا دەژی.

ئەمیبا لە پلەی گەرمی ئاودا کە لانیکەم ٣٠ پلەی سەدییە زاوزێ دەکات و لە پلەی گەرمی ٣٥ بۆ ٤٥ پلەی سەدیدا گەشە دەکات.

ئەمیبا وەک بەشێک لە سوڕی ژیانی نابێتە هۆی تووشبوون؛ بەڵام لە کاتی مەلەکردن لە ئاوێکی پیسدا لە ڕێگەی لووتەوە دەچێتە ناو مێشک.

تای تایفۆید، یەکێکە لە مەترسیدارترین نەخۆشییە گواستراوەکانی ئاو، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ساڵانە بە 110 هەزار کەس دەکوژێت، ئەم نەخۆشییە بەهۆی بەکتریای Salmonella enterica typhi دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆی تا و ئازاری سک و نیشانەکانی گەدە و ڕیخۆڵە وەک سکچوون و قەبزی.

لە کاتێکدا دەتوانرێت نەخۆشییەکە بە دەرمانی دژە زیندەیی چارەسەر بکرێت، هەندێک لە جۆرەکانی بەرگریان هەیە بەرامبەر بە دژە زیندەییەکان، ئەمەش وا دەکات چارەسەرکردنەکە ئاڵۆز و گران بێت.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نزیکەی 1% بۆ 4%ی تووشبووان هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام هێشتا بەکتریا لە میز و پیساییەکانیاندا دەمێنێتەوە، ئەمەش بەشدارە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

ڤاکسینی دژە تای تایفۆید هەیە، کە بۆ دانیشتوان و گەشتیارانی ئەو ناوچانەی کە تووشی تای تایفۆید بوون پێشنیار دەکرێت.

توێژینەوەیەک؛ لەکاتى پێشکەشکردنى هاوکارییدا، شکۆمەندى هاووڵاتیان ناپارێزرێت
پێت توێژینەوەیەک؛ لەکاتى پێشکەشکردنى هاوکارییدا، شکۆمەندى هاووڵاتیان ناپارێزرێت
تۆمەتبارێک بە هۆی تەقەکردن لە هاووڵاتییەک دەستگیرکرا
دوات تۆمەتبارێک بە هۆی تەقەکردن لە هاووڵاتییەک دەستگیرکرا
پەیوەندیدار