توێژینەوەیەک؛ لەکاتى پێشکەشکردنى هاوکارییدا، شکۆمەندى هاووڵاتیان ناپارێزرێت



لەکاتێکدا هەرێمى کوردستانى عێراق ڕووبەڕووی دۆخى قەیراناویى و ئاوارەیی و تێکچوونى باری ئابووریى و گرفتى کۆمەڵایەتیى و کارییەگەرییەکانى گۆڕانى ژینگەیی بووەتەوە، کەسانى پەراوێزخراو؛ بەتایبەت ئەوانەى ڕووبەڕووى ئەزموونى ئاڵنگارئامێزی هەمەجۆر و گۆشەگیریی و نایەکسانیى دەبنەوە؛ بە شێوەیەکى ناجۆر و ڕێژەیی کاریگەرییان لەسەرە و زۆربەیان بێکارن و هەژار کەوتوون، بە جۆرێک تەنانەت دەستڕاگەیشتنیشیان بە چارەسەرى تەندرووستیی سنووردارە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوکارییە فەرمییەکان بە شێوەیەکى فراوان بەردەست نیین.

 

دەستەوەستانی دامەزراوە فەرمییەکان لە دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، وای کردووە ئەو گرووپە پەراوێزخراوانە پشت بە هاوکاریی نافەرمیی و تایبەت ببەستن.

 

بۆ زیاتر وردبونەوە لەم پرسە و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرگەلێکی گونجاو، ڕێکخراوی پاسەوان بۆ سیاسەتە گشتییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ پەیمانگەی گەشەپێدان (IDS)ی بەریتانی، توێژینەوەیەکی مەیدانیان ئەنجامداوە، و  سەرنجى تەواویان خستۆتە سەر بارودۆخى ژیانى ئەندامانى گرووپە پەراوێزخراوەکان و ئەزموونیان بۆ دەستڕاگەیشتن بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى، توێژینەوەکە بە شێوەیەکى مەیدانیى و بە بەشداریی چەند گرووپێک لە ژنانى خاوەنپێداویستیى تایبەت لە سلێمانى و گەنجانى هەڵەبجە ئەنجام دراوە.

توێژینەوەکە تیشک دەخاتە سەر کاردانەوە نەرێنییە دەروونیى و کۆمەڵایەتیی و سۆزدارییەکانیان و ئەو شکستانەى ڕووبەڕوویان دەبێتەوە لەکاتى وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، هەروەها لە کۆتاییشدا کۆمەڵێک ڕاسپاردەیان حستۆتە ڕوو سەبارەت بە بایەخی پاراستنى شکۆى مرۆڤ و درووستکردنى ژینگەیەکى سەلامەت و دابینکردنى پێداویستیى هەمەجۆر و کاریگەر لە پرۆسەى دابینکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا.

 

توێژەرانی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدەن کە لەکاتى پێشکەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا: شکۆمەندى وەرگران ناپارێزرێت، پرۆسەکە نایەکسانە، و زۆر جاریش لەسەر بنەمای ئەجێندا و ئینتیماى ئایینیى و سیاسیی، هاوکاریی کۆمەڵایەتى بە مەرج دراوەتە ئەوانەی پێویستییان پێیەتی.

 

هاوکات، توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات کە دەرهاویشتەکانى بەکەمسەیرکردن یان لەکەی هەژاریی ئەو ئەزموونە تاڵ و نەرێنییەى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتى گەورەتر دەکات بە تایبەت لە دۆخى قەیراناوییدا کاریگەرییە دەروونیى و درێژخایەنەکان لەسەریان درێژە پێ دەدات.

 

هەربەگوێرەی توێژینەوەکە، کەسانى خاوەنپێداویستیى تایبەت و زۆرێک لەوانەى لە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان دەژین، لە پەراوێزخراوترین گرووپەکانى کۆمەڵگەن لە هەرێمى کوردستانى عێراقدا، ئەمانە «بە تایبەتیی ژنان و گەنجان»؛ دیارترینى ئەو گرووپانەن کە زۆرترین کاریگەریی نەرێنیى ململانێکان و قەیرانى داراییان لەسەرە و تەقەللا دەدەن هاوکاریی کۆمەڵایەتیی بەدەست بهێنن.

 

توێژینەوەکە پیشانی دەدات کە زۆرێک لە خێزانەکان بە دەست بارگرانیى زۆریى خەرجیى پێداویستییە سەرەتاییەکانیانەوە گیرۆدەن و بێکار و هەژارن، تەنانەت زۆرێکیان تواناى دابینکردنى خەرجیی تەندرووستییان نییە، ئەم دۆخە بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان سەختە و جگە لەوەى جیاکارییان بەرانبەر دەکرێت، لەکاتى وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا ڕووبەرووى مەترسی زیاتریش دەبنەوە، بەتایبەتتر لەسەر بنەماى ناسنامە ڕووبەڕووى ئاڵنگاریی جۆراوجۆر و نایەکسانیى دەبنەوە، لە نموونەى «جێندەر، خاوەنپێداویستیى تایبەت، تەمەن و ئینتیماى ئایینیى و سیاسی» و هەروەها بارودۆخى جوگرافییان.

 

لەلایەکی دیکەوە ڕێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان؛ ئەوانەی لە هەرێمى کوردستانى عێراق کار دەکەن، تەواوی توانایان لە دابینکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان بەخەرج داوە، بەڵام سەرباری سەختى ژیانیان؛ ئەو هاوکارییانە، خانەخوێ هەرەهەژارەکان ناگرێتەوە «بەو جۆرەی بەشداربووانى توێژینەوەکە لە خاوەنپێداویستییانی تایبەت لە سلێمانى و گەنجانى هەڵەبجە ئاماژەیان پێ داوە».

وێڕای ئەوەی بێسەروبەریی لە دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا دەبێتە هۆى درووستبوونى کێشە و لە دەستدانی سەلامەتی، هەندێک جاریش لە پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا؛ لەکەی کۆمەڵایەتیی، شەرمەزاربوون، دڵەڕاوکێ، توانج و تێگەیشتنى هەڵەى کۆمەڵگە بەرامبەر وەرگرانی هاوکاری کۆمەڵایەتی لەبەرچاو نەگیراوە.

 

بەشداربووەکانی توێژینەوەکە ئەوەیان خستووەتە ڕوو کە مەترسیی ئاشکرابوونیان بە هۆى وێنەگرتنیان و بڵاوکردنەوەی لەمیدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ئاستى شەرمنییان بۆ داواکردن و وەرگرتنى هاوکاریی کۆمەڵایەتى زیاد دەکات، چونکە ئەمە دەبێتە هۆى فرەبوونی زەبرە کۆمەڵایەتییەکان و بێهیوابوونى زۆرێکیان، بە تایبەت ئەوانەیان کە زۆر پێویستییان بە هاوکاریی کۆمەڵایەتییە.

 

ئەم گرفتانەى پرۆسەى هاوکاریی کۆمەڵایەتى سەری کێشاوە بۆ بێمتمانەیی و بێهیوابوون لە حکومەت و ئەگەر چارەسەر نەکرێت بەربەستێکى گەورە لەبەردەم گۆڕانکاریی و باشترکردنى دۆخەکە درووست دەکات.

 

توێژینەوەکە ئاشکرای دەکات، ئەوەى گەنجانى دوورەدەست و ژنانى خاوەنپێداویستیى تایبەت خوازیارین، دەستکەوتنى داهاتى کارکردنى ڕێکوپێکى خۆیانە نەک هاوکاریی کۆمەڵایەتى، ئەوان پێیان باشە بە تەواویى پشت بە خۆیان ببەستن لە دابینکردنى پێداویستییەکانیاندا نەک چاولەدەرى ئەم فۆرمەى هاوکاریی بن کە هەستى خۆبەکەمزانینیان لا درووست دەکات، بە لەبەرچاوگرتنى دۆخى ئەوانەى ڕێژەى پێداویستییەکەیان بەرزە یان ناتوانن هیچ کارێک بکەن چونکە پێویستیان بە هاوکاریی درێژخایەن دەبێت.

 

ڕاسپاردەکانی توێژینەوەکە جەخت دەکاتەوە لە پاراستنى شکۆمەندیى وەرگرانى هاوکاریی کۆمەڵایەتیى لە ڕێگەى وێنەنەگرتن و بڵاونەکردنەوەی لە ناوەندەکانى دابەشکردنى هاوکاریی کۆمەڵایەتییدا، و هەروەها  نەهێشتنى بەربەستەکانى بەردەم گرووپە پەراوێزخراوەکان بۆ ئاسانتر دەستڕاگەیشتنیان بە هاوکاریی کۆمەڵایەتیى و پاراستنى سەلامەتییان و بەهەندوەرنەگرتنى ئینتیماى سیاسیی و ئایینیی، هەروەها چارەکردنی ئەو لەکەدارکردنەی بە هۆی هەژارییەوە دێتە ئاراوە و پێشکەشکردنی هاریکاریی تەندرووستیی گرانبەها و پێشکەشکردنی دەرفەت بۆ پەیداکردنی بژێوییان.

راپۆرتێکی شیکاریی گرفتێکى گەورەى رێکارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دەستنیشان دەکات
پێت راپۆرتێکی شیکاریی گرفتێکى گەورەى رێکارەکانى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان، دەستنیشان دەکات
نەخۆشی ترسناک لە ئاوەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە
دوات نەخۆشی ترسناک لە ئاوەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە
پەیوەندیدار