د. پێشڕەو حەمەجان
بێگومان چیرۆکی فیرعەونتان بیستووە کە تەنها پاشایەک بووە کەچی بانگەشەی خوایەتی کردووە، ئایا هەرگیز ئەو پرسیارەتان لەخۆتان کردووە، چۆنە لەم سەردەمی پێشکەوتن وتەکنۆلۆجیادا کەس بانگەشی خوایەتی ناکات؟
حکومەتێکی جیهانی قوڵی شاراوەی سێبەر هەیە، کە لەڕێی دەستەبژێرێکی خاوەن هەژموونی (ئابوری ودارایی و سیاسی وسەربازی وتەکنۆلۆجی ومیدیاییەوە) دەسەڵاتێکی قۆرخکاریی جیهانی وەهایان هەیە کە پلاندانەری جوڵەی دەوڵەتان و چارەنووسی گەلان و ڕووداوە جیهانییەکانن، دەست دەخەنە ناو پرسە گرنگەکانی دەوڵەتان تا بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی ئەوان جوڵەبکەن، بەشێکی زۆری (حکومەتە ڕواڵەتیەکان) کە بەچاوی سەر دەیانبینن جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ئەوانن، واتە ئەم هێزە نهێنیە بێ ئەوەی بانگەشەی خوایەتی بکەن وەک (خوای سەر زەوی) خۆیان دەنوێنن.
لێرەدا پرسیارێکی تر دێتە پێش، ئایا هەموو دەوڵەتان وەک یەک گوێڕایەڵ و جێبەجێکارن؟
لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین نەخێر، هەر بۆیە ئەم (دەستە بەڕێوەبەرەی پشتی پەردە) ئاڵاوەتە دەوڵەتێکی وەک (کۆماری ئیسلامی ئێران) کە ئایدیۆلۆجیایەکی سیاسی ئیسلامی شیعەگەری هەیە وەک پەیڕەوکەری (تێزی ویلایەتی فەقیهە) کە دەیەوێت قەڵمڕەوی دەسەڵاتی دینی و سیاسی خۆی لە ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات و لێرە ولەوێ وەک یاخییەک لەو (حوکمەتە جیهانییە) هەڵسوکەوت دەکات، تا ئەو ئاستەی بەجۆرێک لەجۆرەکان ئێران بۆتە ویزە ویزکەر و بێزارکەر بۆیان.
لێرەوە دەتوانم بڵێم: ئەم دەسەڵاتەی ئێستای تاران بیەوێت یان نا لەبەردەم دوو بژاردەدایە کە درەنگ یان زوو دەبێت یەکێک لەو بژاردانە بگرێتەبەر:
یەکەم: یان دەبێت لەبەردەم ئەو هێزە جیهانییە خاوەن هەژموونەدا چۆک دابدات و سیستەمە سیاسیە دینیەکەی کرانەوەیەکی تەواو بەخۆیەوە ببینێت و دەرگاکانی بەڕووی کلتور و بازاڕی ڕۆژئاوادا بکاتەوە، و واز لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و گڵۆپی سەوز بۆ تەواوی جوڵەکانی ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبکات و دەست لەپشتیوانی هێزەکانی ناوچەی مانگی شیعی هەڵگرێت و بێتەدەر لە بەرە سێگۆشەیەکی چین و روسیا و ئێران.
دووەم: ئەگەرنا بەبێ ئەوەی خودی دەسەڵاتدارانی ئێران مەبەستیان بێت یان بەبێ ئەوەی بوێری بکەن، ئەم هێزەی جیهان ئێران دەهێنێت و دەبات وسەدان تەڵەی تری بۆ دادەنێت تاوەکو بەزۆر لەجەنگێکی گەورەی ماڵوێرانکەری دەئاڵێنن و تووشی داڕمانێکی گەورەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و ئەمنی ناوخۆیی و هەرێمی دەکەن.
واتە شەڕێکە و لە ڕیشی ئێران ئاڵاوە یان دەبێت شەڕەکە بکات یان دەبێت ڕیشی بتاشێت، بۆیە ئامانجی هێزە جیهانیەکە لە هەردوو بژاردەکە وەک یەکە، ئەویش هەوڵی کۆتایی هێنانە بەم مۆدێلە سیاسیەی ئێستا دەوڵەتی ئێران.