وەزیری بازرگانی ڕایگەیاند لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیراندا لەسەرخەتن بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی کە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، لەگەڵ بەشێک لە خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو دەربارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی کە لە کاتی گواستنەوەی بەرهەمی کارگەکانی هەرێم بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دروست دەکرێت.
وەزیری بازرگانی ڕایگەیاند، زۆرێک لە بەرهەمەکان پێویستیان بە ساغکردنەوەی بەپەلە هەیە و لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران لەسەر خەتن بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکە.
کەمال موسلیم ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو داوایەی لە کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێم دەکرێت بۆ دەرکردنی مۆڵەت لە بەغدا نادەستوورییە و ڕێگریی لە ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی هەرێمیشی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە بڕیارێکی سیاسیی وەسفکرد.