عێراق لە پلەی شەشەمدایە لەنێو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە زۆرترین ڕێژەی مردنی ڕۆژانەیان هەیە.
ڕۆژانە نزیکەی 168 هەزار و 54 کەس لە جیهاندا بە چەندین هۆکاری جیاواز گیان لەدەستدەدەن، لەوانە نەخۆشییەکان، ڕووداوەکان، توندوتیژی و کارەساتی چاوەڕواننەکراو.
ڕێژەی مردن لەنێوان وڵاتەکاندا جیاوازە، کاریگەری دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، سەقامگیری کۆمەڵایەتی، گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و دۆخی ئابووری گشتییان لەسەرە.
گۆڤاری سیۆرۆڵدی ئەمریکی بڵاویکردەوە، چین و هیندستان زۆرترین ژمارەی دانیشتوانیان هەیە و ڕێژەی گیان لەدەستدان تیایاندا بەرزترینە، ڕۆژانە لە چین 29 هەزار و 830 کەس، لە هیندستان 26 هەزار و 97 کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەمریکاش بە پلەی سێیەم دێت کە ڕۆژانە 8 هەزار و 91 کەس گیانیان لەدەستداوە.
ئەمەش تیشک دەخاتە سەر پەیوەندی نێوان قەبارەی دانیشتوان و کۆی گشتی مردن نەیجیریا بە ٧٦١٣ کەس لە پلەی چوارەمدایە و ئەندەنوسیا بە پێنج هەزار و ٨٣٦ حاڵەتی مردن لە پلەی پێنجەمدایە.
لە جیهانی عەرەبیدا، میسر بە 1701 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پلەی یەکەمدایە، سودان بە 865 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پلەی دووەمدایە، مەغریبیش بە 615 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پلەی سێیەمدایە.
یەمەن بە 561 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پلەی چوارەم دێت، جەزائیر بە 553 حاڵەتی گیان لەدەستدان لە پلەی پێنجەمدایە، عێراق بە 543 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پلەی شەشەمدایە، سۆماڵیش بە 514 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە پلەی حەوتەمدایە.
ئەو گۆڤارە ئەمریکییە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو وڵاتانەی کەمترین حاڵەتی مردنیان هەیە بریتین لە توڤالو، پالاو، سان مارینۆ و دوورگەکانی مارشال، کە 1 کەس گیانیان لەدەستداوە.