فەرمانگەیەکی ئەندازیاری بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ پێکهێنرا



وەزارەتی شارەوانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، فەرمانگەیەكی ئەندازیاری بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دامەزرا کە توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی شارەوانی ڕایگەیاند، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە فەرمانێكی وەزاریدا بڕیاریدا بە پێكهێنانی (هێنانەكایەی) فەرمانگەیەكی ئەندازیاریی نیشتەجێ بەمەبەستی جێبەجێكردنی كارەكانی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ و ئێستاش فەرمانگە دەستبەكار بووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ژمارە (1) فەرمانگەی ئەندازیاریی نیشتەجێ لە پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە-چەمچەماڵ، تیمەكانی جێبەجێكاری پرۆژەكە ڕۆژانە لە كاركردن بەردەوامن و تاوەكوو ئێستا چەندین كاری گرنگ كراون، وەكوو خاوێنكردنەوە و دامەزراندنی كارگەیەكی كۆنكرێت و وەرگرتنی ڕەزامەندیی كاركردن لە زەوییەكانی سنووری گۆپتەپە – ئاغجەلەر – قشلاغ و تەكیە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە: دروستكردنی پەرژین بۆ یەكەی پاڵاوتن و تەواوكردنی ئامادەكاری بۆ ڕووپێوكردن و دیاریكردنی شوێنی وەرگرتنی ئاو و یەكەی پاڵاوتن و دیاریكردنی شوێنی حەوزەكان و وەرگرتنی زانیاری لە بەنداوی دوكان و چەندین كاریكەش ئەنجامدراون.

پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ، پرۆژەیەكی ستراتیژیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئاوی خاوێن دەگەیەنێتە شاری چەمچەماڵ و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری بە بڕی (3400م3).

ئەو پرۆژەیە بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەوروبەری، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت. گرێبەستەكەی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ 24/6/2024، له‌ دیوانی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌لایه‌ن ساسان عەونی، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار و كۆمپانیای هابیكا بە گوژمەی زیاتر لە 78 ملیۆن دۆلار واژوو كرا.

ئەو پرۆژەیە لە ڕۆژی واژووكردنییەوە به‌پێی ڕۆژی ته‌قویمی 720 ڕۆژی بۆ دیاریكراوه‌،‌ توانای به‌رهه‌مهێنانی 3400م3 ئاوی خواردنه‌وه‌ی له‌ یه‌ك كاتژمێردا هه‌یه‌ و زیاتر له‌ 480 هه‌زار كه‌سیش لێی سوودمه‌ند ده‌بن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئاو بۆ شاری سلێمانی له‌ پرۆژه‌ی ئاوی دووكان بۆ سلێمانی ده‌بێت.

وێستگه‌ی پاڵاوتن و یه‌كه‌ی وه‌رگر و په‌مپ سته‌یشنی ناوه‌ندی و خه‌زانێكی گه‌وره‌ به‌ قه‌باره‌ی 5 هه‌زار مه‌تر سێجا له‌گه‌ڵ ڕاكێشانی هێڵی كاره‌با و چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ش له‌خۆده‌گرێت.

بۆ زیاتر بایەخدان و باشتر بەڕێوەچوونی كارەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانگەیەكی ئەندازیاری تایبەتی بۆ پرۆژەكە پێكهێنا و ئێستا ئەو فەرمانگەیە دەستیان بە كاركردن كردووە و بەڕێوەبەرێك و حەوت ئەندام سەرپەرشتیی كاروباری فەرمانگەكە دەكەن.

ئومێد خۆشناو: 138 پاڵاوگەی نایاسایی دادەخرێن
پێت ئومێد خۆشناو: 138 پاڵاوگەی نایاسایی دادەخرێن
گەرما، هەڕەشەی نەمان لە چەند ناوچەیەک دەکات
دوات گەرما، هەڕەشەی نەمان لە چەند ناوچەیەک دەکات
پەیوەنیدر