بایدن بۆ ناتانیاهۆ: واز لە فریودانم بێنە



ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست، لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردووەتەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە دانوستانی ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، بەتوندی و توڕەیی قسەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کردووە.

 

ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەو ڕووداو و زانیارییانە کردووە کە کەناڵی ١٢ی ئیسرائیلی بڵاویکردۆتەوە، کە لەم هەفتەیەدا لەنێوان ناتانیاهۆ و بایدن ڕوویداوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، نەتانیاهۆ لەمیانی پەیوەندییەکەیدا بە بایدنی وتووە: ئێمە لە دانوستانەکاندا پێشکەوتن بەدەستدەهێنین، شاندێک بنێرن بۆ بەدواداچوون بۆ وردەکارییەکان، بەڵام بایدن لە وەڵامدا پێی وتووە” واز لە فریودانم بهێنن”.

 

ڕاپۆرتەکەی ئۆرشەلیم پۆست باس لەوە دەکات، بایدن و بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لە ڕادەبەدەر بێزارن لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیروت و تاران.

 

بەپێی ڕۆژنامەکە، لایەنی ئەمریکایی نیگەرەنە لەوەی ناتانیاهۆ پلانەکانی خۆی بۆ تیرۆرکردنی هەنییە و بەرپرسەکەی حزبوڵڵا، لە بایدن شاردووەتەوە، لەکاتێکدا داواکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئەوە بووە، کە لایەنی ئیسڕائیلی سەرنجی لەسەر گەیشتن بە ڕێککەوتنێک بێت سەبارەت بە غەززە.

 

رۆژنامەکە نوسیوویەتی؛ جگە لە گرژییە ڕوونەکەی نێوان نەتانیاهۆ و بایدن و بەرپرسانی ئەمریکای، زانیاری نوێ سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکان لە گفتوگۆکانی نێوان نەتانیاهۆ و سەرکردە ئەمنییەکانی ئیسرائیلیش سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان هاتووەتە ئارا.

 

سەرچاوە ئاگادارەکان لە دانوستانەکانی ئازادکردنی بارمتەکان، ڕاگەیاندووە: “کات بەفیڕۆ دەدرێت، هەڵوێستەکانی ئێستای ناتانیاهۆ نابێتە هۆی پێشکەوتنی لەم بوارەدا و دەبێت گوێ بۆ پیشنیارەکان ڕابگرێت”.

 

لای خۆیەوە، ناتانیاهۆ، رایگەیاندووە؛ هیچ بڕگەیەکی نوێ بۆ پلانی ئاڵوگۆڕ زیاد ناکەین کە لە ٢٧ی ئایاردا پێشکەشکراوە، و بەردەوام دەبین لە پابەندبوون بە مەرجە بنەڕەتییەکانی ئاسایشی ئیسرائیل بەپێی ئەو هێڵە فراوانانەی تێیدا باسکراون، کە دیارترینیان بریتین لە: “ئازادکردنی زۆرترین بارمتەکان لە قۆناغی یەکەمدا و ڕێگریکردن لە تێپەڕبوونی تیرۆریستان و چەک بۆ بەشی باکووری کەرتی غەززە”.

 

ناتانیاهۆ ئەوەشی وتووە؛ هەرکەسێک پێشنیاری ڕازیبوون بە داواکارییەکانی حەماس بکات تۆمەتبارەو دەیەوێت ستایش بکرێت و چەپڵەی بۆ لێبدرێت.

 

بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە 13 ملیۆن دینار دەستگیرکرا
پێت بە تۆمەتی دزینی زیاتر لە 13 ملیۆن دینار دەستگیرکرا
دوای نزمبوونەوەی پلەی گەرما، جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە
دوات دوای نزمبوونەوەی پلەی گەرما، جارێکی دیکە بەرزدەبێتەوە
پەیوەندیدار