جیهانی پاش ئەمریکا: لە بارەی ڕیچارد هاس و فەرید زەکەریاوە



بەهرۆز جەعفەر – شرۆڤەکاری سیاسی

باسی وەرچەرخانی جیهانە، بەڵام لەسەردەمێکدا کە هەژموونی ئەمریکا لاواز بووە، زیرەکی دەستکرد لە گۆڕێیە، جگە لە هەڵکشانی چین و کاریگەری بێ ئەندازەی نەرمە هێزەکەی بە ڕێگای ئاوریشمدا، ڕۆڵی هێزە مامناوەندەکانیش یەکلاکەرەوەیە، وەکو: ڕووسیا، هیند، باشووری ئەفریقا، بەڕازیل، باشووری کۆریا، سعودییە و هی دیکەش، کە بەبێ ئەوان هیچی واناکرێت، ئەوەتا مێژوو ڕێپێوان دەکات، کارتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆربەیان لەلای قەتەرە نەک ویلایەتە یەکگرتووەکان و سۆڤییەت!

جگە لەوەش لەم جیهانەی باس دەکرێت، ڕۆڵی ئەکتەرە-نا-دەوڵەتییەکان بەتایبەتی کۆمپانیاکانی بواری کۆمینیوکەیشن و تەکنەلۆژیا زۆر هەڵدەکشێ، ڕەنگە فەیسبوک، گۆگڵ یان ستارلینک و زیرەکی دەستکرد جەنگی ئۆکراین یەکلابکاتەوە!

بۆ یەکەمجار ساڵی ٢٠٠٨ ‘ڕیچارد هاس’ لە فۆڕن پۆلەسی باسی هاتنی جیهانێکی بێ جەمسەری کرد، هاس دیبلۆماتێکی ئەمریکییە، بەرپرسی بەشی ستراتیژ و پلان بووە لە سیاسەتی دەرەوەی کابینەی بووشی کوڕ.

ئەو گوتی: جیهانەکەمان بێ جەمسەر دەبێت، نە فرە جەمسەر، نە یەک جەمسەر نە دوو، نە تێکەڵ.

کەچی لەمدواییە، لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە، ‘جەواد زەریفی’ وەزیری پێشوی دەرەوەی ئێران و جێگری سەرۆک کۆماری ئێستا بۆ کاری ستراتیژی کردوویەتی بەهەڵڵا! گوایە ئەو تیۆرەی داهێناوە، جیهانی داهاتوو، جیهانێکی بێ جەمسەر دەبێت، زەریفی خوێندنی ئامادەیی، بەکالۆریۆس، دوو ماستەر، دکتۆراشی لە ئەمریکا ‘سانفرانسیسکۆ’ تەواو کردووە.

بەهەمان شێوە، ساڵی ٢٠٠٨ ‘فەرید زەکەریا’ کتێبی ‘جیهانی پاش ئەمریکا’ی نووسی، وەک فەرید خۆی دەڵێت، ئەمە کتێبێک نییە دەربارەی دابەزینی ئەمریکا، بەڵکو باس لە سەرهەڵدانی هەموو کەسێکی دیکە دەکات، بەم شێوەیە کارە گرنگەکەی فەرید دەستپێدەکات لەسەر ئەو سەردەمەی ئێستا پێی گەیشتووین، ئەو بەدوای سەرکەوتنی کتێبی داهاتووی ئازادیدا کە زۆرترین فرۆشی هەبووە، بە پێشبینییەکی یەکسانەوە جیهانێک باسدەکات کە تێیدا ئەمریکا چیتر زاڵ نابێت بەسەر ئابووری جیهانیدا، یان جیۆپۆلیتیک ڕێکناخات، یان کولتوورەکان سەرکوت ناکات.

ئەو “سەرهەڵدانی گەشەی وڵاتانی وەک چین، هیندستان، بەڕازیل، ڕووسیا و چەندانی تر وەک چیرۆکێکی گەورەی سەردەمی ئێمە دەبینێت، چیرۆکێک کە جیهان لە قاڵبدەداتەوە، بەرزترین بینا و گەورەترین بەنداو و گەورەترین فیلمی فرۆشراو و زۆرترین مۆبایلی پێشکەوتوو هەموویان لە دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکرێن. ئەم گەشەکردنە ئابوورییە متمانەی سیاسی و شانازی نیشتمانی و ئەگەری کێشەی نێودەوڵەتی بەرهەم دەهێنێت.

ئەمریکا چۆن لەم کەشوهەوای نێودەوڵەتییە کە بە خێرایی دەگۆڕێت، تێبگات و گەشە بکات؟ ژیان لە سەردەمێکی جیهانی ڕاستەقینەدا مانای چییە؟

زەکەریا بە ڕوونی و تێڕوانین و خەیاڵی نەریتی خۆی وەڵامی ئەم پرسیارانە دەداتەوە، ئەگەرچی زۆر سکۆڵەری دیکە هەن، ددانی پیادادەنێن کە بەڵێ، جیهان بۆتە فرەجەمسەریی، واتە سێ زلهێزی گەورە یان زیاتر هەن لە جیهاندا و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە نابێت ئەمریکا لە فرە-جەمسەریی بترسێت، بەڵکو پێویستە لەو جۆرە نەزمە نوێیەدا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆی بگەڕێت.

ئەوەی پێویستە، بۆ دیدگاکانی “هاس، زەکەریا” زیادبکرێت و وەڵام بدرێتەوە، ئایا درووستکردنی بڕیاری جیهانی لەسەردەمی جیهانێکی بێ جەمسەر، یاخود بەلای کەمەوە لە جیهانێکی فرەجەمسەردا چۆن دەبێت، بۆ نموونە لەو سیستەمە نوێیەدا، دروستکەرانی بڕیاری جیهانی چۆن ڕووبەڕووی گەرمبوونی گۆی زەوی و کێشەکانی ئاووهەوا دەبنەوە، یان چۆن سنوور بۆ تەشەنەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانییدا دادەنێن؟

ئایا ئاسۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێت لەو نەزمە جیهانییە- نوێیەدا؟ دیرۆکی هەڵکشانی باشوری ئاسیا بە تایبەتی ‘چین’ چۆنە؟ ستراتیژی وڵاتی چین هەر لە چوارچێوەی گەشەی ئابووری و بەرهەمهێنان دا دەمێنێتەوە؟ یان بەرە-بەرە دەگۆڕێت بۆ پرسی ‘ئاسایش’ و جیۆپۆڵەتیک و کۆڵۆنیالیزەکردنی هەندێک ناوچە؟

 

ڕووداوێکی هاتووچۆ پێنج قوربانی لێکەوتەوە
پێت ڕووداوێکی هاتووچۆ پێنج قوربانی لێکەوتەوە
حكومەتی عێراق دامەزراندنی وانەبێژان یەكلایی دەكاتەوە
دوات حكومەتی عێراق دامەزراندنی وانەبێژان یەكلایی دەكاتەوە
پەیوەندیدار