دابەشكردنی مووچەی مانگی 8 لە عێراق دەستی پێكرد، بەڵام هێشتا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 7-یان پێ نەدراوە و چاوەڕێی هاتنی پارەن لە بەغداوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەڵێت: لە دوو ڕۆژی داهاتوودا مووچە دەنێردرێت، بەڵام مووچەی خانەنشینان وەك پێشتر دەبێت نەك بەهاوتاكراوی.
ماڵپەڕی (بغداد الیوم) لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگاداری حكومەتی عێراقییەوە بڵاویكردەوە، لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا لە بەغداوە مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەكانی هەرێم بە یەك گوژمە ڕەوانە دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی، كە وردبینی لە لیست و ژمارەكانیان تەواو بووە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم خشتەی مووچەی ئامادەكردووە و دوای گەیشتنی پارە لە بەغداوە، ڕاستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، مووچەی خانەنشینانی هەرێم وەك مانگەكانی پێشوو دابەش دەكرێت نەك بە هاوتاكراوی لەگەڵ خانەنشینانی عێراق تا ئەو كاتەی ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو حكومەت دەكرێت.