سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی ئێزیدییەکان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ئێزیدییەکان دەکەینەوە”.
ئەمڕۆ شەممە، لە ١٠ هەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، جینۆسایدكردنی خوشك و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستان، تاوانێكی لەبیرنەكراو و ئازارێكی گەورەیە لەدڵی هەمووماندا، ئەمڕۆ بە دڵتەنگییەكی قووڵەوە یادی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێنبوونی ئازیزانمان دەكەینەوە كە لە زێدی خۆیان بەتەنیا بەجێهێڵران.
ئاماژە بەوەشدەکات، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پەرۆشەوە هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئێزدییەكان بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان دەدات.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكاتەوە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی تاوەكو ئێستا چارەنووسیان نادیارە و دەیەوێت دوور لە درووشم و تێكەڵكردنی ژیانی ئێزدییان بە ململانێ سیاسییەكان، كار بۆ پاراستنی مافەكانیان بكات و پارێزەری راستەقینەی ئەو پێكهاتە گرنگەی كوردستان بێت، كە بەشێكی گرنگی فرەڕەنگیی كوردستان پێكدەهێنن و مێژوویەكی درێژیان لە قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان و خەبات لەپێناو خاكەكەمان تۆماركردووە.